کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی هەڵمەتی ژینگەپارێزی لە ناڵەشکێنەی بۆکان

12:03 - 17 خەزەڵوەر 2726

ژینگەپارێزان و خەڵکی ژینگەدۆستی شاری بۆکان لە هەڵمەتێکی ژینگەوانیدا، لە ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەرەوە، هەڵمەتێکی بەڕووچاندنی یەک حەفتەییان لە ناڵەشکێنە ڕاگەیاند و بڕیارە هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە هەزاران دەنکە بەڕوو لەو ناوچەیەدا بچێنن.

ژینگەپارێزانی شاری بۆکان لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیی یەک حەفتەییدا، بڕیارە هەزاران دەنکە بەڕوو لە شاخی ناڵەشکێنەدا بچێنن و پەرە بەو دارە بەسوودەی زاگرۆس بدەن.

خەڵکی شاری بۆکان و ئاواییەکانی دەوروبەری بەشدارییەکی بێوێنەیان لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییە کردووە و سەدان هاووڵاتی لەم هەڵمەتەدا بەشداریی چالاکانەیان هەیە.

شایانی باسە منداڵان و ژنان بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردییەوە، لە بەرەوپێشبردنی ئەو هەڵمەتەدا ڕۆڵی باشیان گێڕاوە.

داری بەڕوو یەکێکە لەو دارانەی کە لە کوردستان بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو هەیە. داری بەڕوو لە نێوان (٥٠٠-٢٠٠٠) ساڵ دەژی و لە جیهاندا زیاتر لە ٦٠٠ جۆر داری بەڕوو هەیە. ئەم دارە لە ناوچەی زاگرۆسیشدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەیە و سوودەکانی بۆ ژینگەی کوردستان یەکجار بەرچاوە.