کۆمەڵێک لە کارناسانی سەربەخۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانە "مای ساتۆ" ڕیپۆرتێری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، زۆربوونی هێرشە کەسییەکان و هەڕەشەکان بۆ سەر بەرپرسانی سازوکارەکانی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوەیان مەحکووم کرد و جەختیان کردەوە کە ئەم جۆرە تۆقاندنانە بێدەنگیان ناکات.
لەم بەیاننامەیەدا کە لە ژێنێڤ بڵاو کراوەتەوە، کارناساندا نیگەرانیی قووڵیان بەرانبەر بە بەرزبوونەوەی بێڕێزی، سووکایەتیکردن و هەڕەشەی دەسەڵاتداران و بەشێک لە ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا دەربڕیوە.
کارناسان ڕایانگەیاندووە هێرشکردنە سەر ڕیپۆرتنێران، ڕاستیی بەڵگەکانی تایبەت بە پێشێلکارییە جیددییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناسڕێتەو و ڕێژیمەکان ناتوانن بە پەلاماردانی ڕیپۆرتێران، سەرنجەکان لەسەر بەرپرسیارەتیی خۆیان بۆ وڵامدانەوە لادەن.
ئەو بەیاننامەیە لەلایەن ڕیپۆرتێرانی تایبەتی ئێران (مای ساتۆ)، فەلەستین (فرانچسکا ئەلبانیزە)، ئەفغانستان (ریچارد بێنت) و ڕووسیە (ماریانا کاتزارووا)، واژۆ کراوە.
هەروەها جەخت لەسەر سەربەخۆیی دارایی ئەم نۆینەرانە کراوەتەوە و ئەو تۆمەتانە ڕەت کراونەتەوە کە ڕێژیمەکان سەبارەت بە سەرچاوەی ماڵیی کارناسان دەیخەنە ڕوو.
پەلاماردانی ڕیپۆرتێران و تۆمەتبەخشینەوە لە بەرانبەر ڕاپۆرتە سەربەخۆکان، مێژوویەکی دوورودرێژی لە هەڵوێستەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێراندا هەیە.
پێشتر ستادی مافی مرۆڤی ڕێژیم لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتەکانی "مای ساتۆ" و "جاوید ڕەحمان" (ڕیپۆرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕووداوەکانی دەیەی ٦٠)، تۆمەتی وەک "لادان، ڕاپۆرتی لایەنگرانە و وەرگرتنی پارە"ی خستبووە پاڵیان تا لە وڵامدانەوە ڕا بکەن.
کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتاییدا جەختیان کردووەتەوە: "ملکەچی بێدەنگی نابین و بەردەوام دەبین لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا."