لە کاتێکدا قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەر ژیانی خەڵکی لە ئێران خستووەتە تەنگژەوە، وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بچووککردنەوەی سفرەی خەڵک، یەک میلیۆن بنەماڵەی لە خشتەی وەرگرانی "کۆپین و هاوکاریی خۆراک" (کاڵابەرگ) سڕییەوە و بۆ بڕینی مافی خێزانە چوار کەسییەکان داهاتی ٢٧ میلیۆن تمەنیی کردە پێوەر.
بەپێی زانیارییەکان، لەم قۆناغەدا بنەماڵە یەک تا سێ کەسییەکان بە داهاتی ٢٠ میلیۆن تمەن و بنەماڵە چوار کەسییەکان بە داهاتی ٢٧ میلیۆن تمەن و زیاتر، لە وەرگرتنی ئەم هاوکارییە بێبەش کراون؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ئەم بڕە پارەیە لە بەرانبەر تێچووی سەرسووڕهێنەری بژێوی و ڕێژەی بەرزی هەڵاوساندا هیچ کەلێنێک پڕ ناکاتەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە پێشتر وتەبێژی دەوڵەتی ڕێژیم هەواڵی لادانی بەکۆمەڵی ٣٠ بۆ ٤٠ میلیۆن کەسی لە لیستی هاوکارییەکان ڕەت کردبووەوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی کار دانیان بەوەدا نا کە تەنیا لە ڕێگەی پێوەرەکانی وەک قەبارەی ئاڵوگۆڕە بانکییەکان، خاوەندارەتیی ماشین و خانوبەرە، یەک میلیۆن بنەماڵە خراونەتە دەرەوەی لیستەکە.
لە کاتێکدا پێدانی ئەم بڕە پارە کەمە بە ناوی کاڵابەرگەوە لە بنەڕەتدا شکاندن و بێڕێزیکردنە بە کەرامەتی خەڵکی ئێران و تەنیا زەقکردنەوەی هەژارییە، بەڵام ڕێژیم تەنانەت ئەو بڕە کەمەش بە هەژاران ڕەوا نابینێت و لە بڕینی مافی سەرەتایی خەڵک بەردەوامە.