هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی کەلوپەلی خۆراکی، خواردنەوەکان و تووتن لە ڕەزبەری ١٤٠٥دا گەیشتە ١١٣.٤ لەسەد و بۆ نۆیەمین مانگی بەردەوام لە سەرووی ١٠٠ لەسەددا مایەوە؛ ڕەوتێک کە دەرخەری توندتربوونەوەی گوشاری ئابووری و دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان لە ئێراندایە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی ڕۆن و چەورییەکان بە بەراورد لەگەڵ ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو ٢٥٥.٧ لەسەد و شیر، پەنیر و هێلکە ١٥٤.٦ لەسەد زیادی کردووە.
هەروەها نرخی ٣٠ پێداویستی لە ٥٣ کەرەستەی خۆراکیی دەستنیشانکراو زیاتر لە ١٠٠ لەسەد گەشەی کردووە و ڕۆنی بەستوو بە بەرزبوونەوەی ٣٦٤.٩ لەسەدی لە سەرووی ئەم خشتەیەدا جێی گرتووە.
ئەژمارکردنەکان بەپێی نرخە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە تێچووی ئامادەکردنی سەبەتەی ١١ کەرەستەی بنەڕەتیی کۆپین (کاڵابەرگ) لە ڕەزبەردا بۆ هەر کەسێک لە ٥ میلیۆن و ٦٩٢ هەزار تمەن تێپەڕیوە و بۆ خێزانێکی سێ کەسی زیاتر لە ١٧ میلیۆن تمەن بووە.
لە بەرانبەردا، بڕە پارەی یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنیی کاڵابەرگ تەنیا دەوربەری ٢٦ لەسەدی تێچووی ئەم سەبەتەیە پڕ دەکاتەوە؛ کەلێنێک کە نادیاربوونی پشتیوانییە دەوڵەتییەکان لە بەرانبەر بازدانی نرخی کەرەستەی خۆراکیدا نیشان دەدات.