لە کاتێکدا ئامارە نوێیەکانی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری نیشان دەدەن لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٧٨ هەزار و ٥١٠ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لە ئێران گیانیان لەدەست داوە، بەرپرسانی ڕێژیم لەجیاتی چاکسازیی ژێرخانەکان، ئاسانکاری بۆ شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی ماشین دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ۱۰ هەزار و ٣٥٧ کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە و ٢٢٤ هەزار و ٢٢٠ کەسیش بریندار بوون؛ ئامارێک کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١١ لەسەد زیادی کردووە. تەمەنی ۱٨ لەسەدی قوربانییان لەنێوان ١٨ تا ٢٤ ساڵدا بووە کە نیشاندەری زیانی قورسی کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەم کارەساتەیە.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ سەبارەت بە ئاستی زۆر نزمی سەلامەتیی ماشینە نێوخۆییەکان، محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازیی ڕێژیم، لە نامەیەکدا بۆ جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار داوای کردووە جێبەجێکردنی ستانداردە نوێیەکانی ماشین لانیکەم ساڵێک دوا بخرێت.
وەزیری پیشەسازی کێشەی دراو و نەبوونی توانای سەرمایەگوزاریی شیرکەتەکانی بە بیانوو هێناوەتەوە تا بەرهەمهێنانی ماشینە ناستانداردەکان بە هەمان ڕێکارەکانی پێشوو بەردەوام بێت.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی مەرگی هاووڵاتییان بخەنە سەر شۆفێران. لەم پەیوەندییەدا، مستەفا میرسەلیم، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئیدیعای کردووە کە مەرگی خەڵک پەیوەندیی بە کوالیتیی ماشینەکانەوە نییە و بەهۆی "خراپ شۆفێریکردن"یانەوەیە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە داخرانی بازاڕ، داڕمانی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان و پاوانکردنی بازاڕی ماشین لەلایەن شیرکەتە حکوومەتییەکانەوە، جاددەکانی ئێرانی کردووەتە کوشتارگەیەک کە ساڵانە گیانی نزیکەی ٢٠ هەزار هاووڵاتی دەستێنێت.