کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیس: ٥٠ میلیۆن کەس لە دابینکردنی خۆراکدا تووشی کێشە بوون

13:42 - 17 خەزەڵوەر 2726

بەپێی دانپێدانانی فەرمیی بەرپرسانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، شێوازی هەڵەی جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییەکان و لادانی دۆلاری پاڵپشتیکراو (ارز ترجیحی)، چەندین میلیۆن هاووڵاتیی خستووەتە نێو هەژارییەکی سەختەوە و توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەماوە.

عەلی بابایی کارنامی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ڕیژیم، لە لێدوانێک لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدەبان"دا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٠ لەسەدی دانیشتووانی ئێران واتە نزیکەی ٨ میلیۆن کەس تووشی هەژاریی ڕەها و بەدخۆراکی بوون.

بە وتەی ناوبراو، نزیکەی ٥٠ میلیۆن کەس لە کۆمەڵگە لە مسۆگەرکردنی کالۆری و پێداویستییە خۆراکییە بنەڕەتییەکانیاندا لە خولگەیەکی بەتاڵدا دەسووڕێنەوە.

بابایی ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ بەڕێوه‌بردنی ژیانێکی ئاسایی و مامناوەند بۆ خێزانێکی چوار کەسی، داهاتی مانگانە دەبێت لانیکەم ١٠٠ میلیۆن تمەن بێت؛ لە کاتێکدا داهاتی توێژی کرێکار و مووچەخۆران زۆر لەو ئاستە نزمترە و خێزانەکان ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی، پەنا بۆ چەند کارکردنی هاوکات ببەن.

لەلایەکی ترەوە، سیاسەتە ناکارامەکانی ڕێژیم لە پێداچوونەوە بە شێوازی دابەشکردنی یارمه‌تییەکان و بڕینی ڕەهای پشکی بەشێکی بەرفراوان لە هاووڵاتییان، قەیرانەکەی زۆر قووڵتر کردووەتەوە.

ڕەخنەگران جەخت دەکەنەوە کە دابەزینی بەردەوامی بەهای دراو و ناکارامەیی بەرپرسانی ئابووری، توێژی ناوەڕاستی کۆمەڵگەی بە تەواوی داڕماندووە؛ بە شێوەیەک کە ئێستا زۆرینەی هاووڵاتییان تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی و مانەوە لە ژیاندا شەڕ دەکەن.