یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند کە ئەرکی وڵاتەکەی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هێشتا تەواو نەبووە.
کاتس بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکڕیزی وتی: "ئێران لە هەوڵدایە چالاکییەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە و هاوکات هەنگاوی جیددی دیکە دەنێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل دەخاتە بەر مەترسییەکی ڕاستەقینەوە؛ ئێمەش لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا هەڵناکەین."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەروەها وتی: "لە بەرانبەر ئەو ئەرکە گەورانەی هێشتا لە بەردەمماندان، دەبێت یەکگرتوو بین؛ ئێستا کاتی یەکڕیزی، بەرپرسیارییەتی و هاوپشتیی دوولایەنەیە."
ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گەورانە، پێویستیان بە تەواوی توانای ئەرتەشی ئیسرائیل و خۆڕاگریی هەموو خەڵک دەبێت.