کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی سپای پاسداران لە لوبنان و عێراق پاسپۆرتی ساختە بەکار دەهێنن

08:42 - 30 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی ناشناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی عێراق، لوبنان و ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە دوو دەیەیە بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ناسنامەی ساختە، گەشت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و هاوکاریی گرووپە نیابەتییەکان دەکەن.

ڕۆژنامەی ناشناڵ، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی عێراق، لوبنان و ئەمریکاوە، هەواڵی بەکارهێنانی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنامەی ساختەی لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەسانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە دوو دەیەیە بە بەکارهێنانی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنامە بە ناوی ساختە یان بەڵگەنامەی تایبەت بە کەسانی دیکە، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتوچۆ دەکەن و هاوکاریی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەکەن.

ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە نووسیویەتی کە سپای پاسداران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە مانگەکانی دواییدا، هەژموونیی خۆی لە بڕیارەکانی حیزبوڵڵای لوبناندا فراوانتر کردووە و تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵی بەسەر ئۆپەراسیۆنەکان و ئاراستەی ستراتێژیی ئەم گرووپەدا پەیدا کردووە.