سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هەڵمەتی "گۆشەگیرکیردنی ئابووری"دا، کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەم جار لە سەرەتای بەرهەمهێنانی نەوتەوە هیچ بارێکی نەوتی لەسەر ئاو نییە و جیهان دەتوانێت بەبێ نەوتی ئێران بژیت.
بێسێنت ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "سیئێنبیسی"، ئاماژەی بە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێبەرانی ئەمریکا، چین و ڕووسیە کرد و وتی: "کۆدەنگیی نێوان هەر سێ وڵات ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا گرنگییەکی زۆری هەیە."
ئەم لێدوانانە هاوکات بوون لەگەڵ سزادانی چوار کەسی ئێرانی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە بە تۆمەتی فرۆشتنی نایاسایی نەوت و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان.
وەزارەتی خەزێنەداری جەختی کردەوە کە لە مانگی گەلاوێژی ڕابردووەوە هیچ بارێکی نەوتی ڕێژیم لە دەرەوەی بازنەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا نەماوە.
دەوڵەتی ترامپ ئەم هەڵمەتەی بە ئامانجی بڕینی شادەمارە داراییەکانی ڕێژیم و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەست پێکردووە، کە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە بە هۆی هێرشەکانی سپای پاسداران تووشی ئاڵۆزی بووە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاندووە کە ناوچەکەی لە مینە دەریاییەکانی ڕێژیم پاک کردووەتەوە و لە چەند مانگی ڕابردوودا ١.٧ میلیارد بەرمیل نەوتی ناوچەکە بە پارێزراوی بە گەرووی هۆرمۆزدا تێپەڕیوە.