تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکانی واشنگتۆن توانای کۆماری ئیسلامیی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ چالاکییە تێکدەرانە و ناسەقامگیرکەرەکان سنووردار کردووە.
پیگۆت لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلجەزیرە" جەختی کردەوە کە سزاکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان لەسەر توانای تاران هەبووە و ئەم گوشارانە بە تێپەڕبوونی کات چەند هێندە دەبنەوە.
ناوبراو هەروەها وتی: "دۆخەکە بۆ ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، چونکە بەردەوام توانای دابینکردنی دارایی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لەدەست دەدات."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەوڵەتی ترامپ هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراوی دانەناوە و ڕێژیمی ئێران سەرەڕای نیشاندانی حەز بۆ دانوستان، هێشتا ئامادەی قەبووڵکردنی مەرجەکانی واشنگتۆن نییە.
گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران لە دوای دەستپێکی شەڕ و داخرانی گەرووی هۆرمۆز توندتر بوونەتەوە؛ هەرچەندە لە مانگی جۆزەرداندا لێکتێگەیشتنێکی کاتی هاتە ئاراوە، بەڵام دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بووە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆی دەریایی و توندکردنەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا.