کاناڵ ١٢ی تلویزیۆنی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی زۆر خێراتر لە پێشبینیی بەرپرسانی ئیسرائیلی خەریکی نۆژەنکردنەوەی توانا سەربازییەکانیەتی و بە سەرنجدان بەم ڕەوتە، ئیسرائیل ناتوانێت بۆ هەر هەنگاوێکی ئەگەری، چەندین مانگ چاوەڕێ بمێنێتەوە.
ئەم بەرپرسە ئەمنییەتییە ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە دۆخەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویستیی هێرشی دەستبەجێ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بەڵام ڕێژیمی ئێران زۆر خێراتر لەوەی ئیسرائیل پێشبینیی دەکرد تواناکانی نۆژەن دەکاتەوە.
هەروەها کاناڵ ١٢ی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی بەوردی چاوەدێریی پێشهاتەکانی پەیوەست بە هەڕەشە جیددییەکانی ئێران دەکات و بەپێی ئەو هەڕەشانە خۆی ئامادە دەکات.
بە وتەی ناوبراو، ئەم ئامادەباشییەی ئەرتەشی ئیسرائیل، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سەرچاوەگرتووەکان لە هەموو جۆرە چەکێکی نائاساییش دەگرێتەوە.