کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی سنەیی و ئیلامی و بێبەشکرانیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان

13:23 - 30 خەزەڵوەر 2726

حەسەن فەرەجی هاووڵاتیی ئیلامی دوای ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و ئاروین نیک‌پەی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و خەڵکی مەریوان کە ماوەی سزای سێ ساڵ بەندکردنەکەی تێدەپەڕێت، هێشتا چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ئاروین نیک‌پەی، بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»ی خەڵکی مەریوان کە ماوەی سێ ساڵە دەسبەسەرە، بەهۆی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە مافی ئازادبوونی مەرجدار، لە مۆڵەتی چوونەدەرەوە و گەڕانەوە بۆ بەندیخانەی مەریوان بێبەش کراوە و بە شێوەی سزادان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «حەسەن فەرەجی»، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.