کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا بۆ سەنگاپوور و مالێزی سەبارەت بە پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی

13:15 - 30 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی هەوڵەکانی واشنگتۆن بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و پەکخستنی هەناردەی نەوتی ئەو ڕێژیمە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هۆشداریی توندیان دایە بەرپرسانی سەنگاپوور و مالێزی تا ڕێگری لە چالاکیی کۆمپانیا ساختەکان و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان بکەن.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، بڵاوی کردەوە کە واشنگتۆن داوای لە دەوڵەت، بانک و دامەزراوە یاساییەکانی ئەو دوو وڵاتە کردووە چاوەدێرییەکانیان بەسەر کەرتەکانی گواستنەوەی دەریایی، فڕۆکەوانی و تۆڕە بازرگانییەکانی سەر بە تاران توندتر بکەنەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە کردە ئامانجی ئەم شادەمارە دارایی و لۆجستیکییانە جێگەی دانوستان نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، نەوتهەڵگرەکان ساڵانێکە لە ئاوەکانی دەوروبەری مالێزی و سەنگاپووردا لە ڕێگەی گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی سەرچاوەی نەوتی ئێران دەشارنەوە.

لەم بارەیەوە، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هۆشداریی دا کە هەر کەشتییەک لە دەریادا بار لە کەشتییە گەمارۆدراوەکانی ئێران وەربگرێت، ڕووبەڕووی کردەوەی سەربازی دەبێتەوە.

هاوکات واشنگتۆن نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە گەشتەکانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ئێران ئەیرتوور" بۆ مالێزی دەربڕیوە.

لە بەرانبەردا سەنگاپوور پێبەندبوونی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دامەزراوەکانی ڕاگەیاند.