کاناڵی هەواڵیی "سیبیئێس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە داهاتوویەکی نزیکدان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نیگەرانە لە نۆژەنکردنەوەی بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران و هەوڵەکانی تاران بۆ گواستنەوەی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی بۆ دامەزراوە ژێرزەوینییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە دەرفەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش دژی کۆماری ئیسلامی بۆ نێتانیاهوو و دۆناڵد ترامپ وردەوردە بەرەو تەواوبوون دەچێت؛ چونکە ئەگەری هەیە نێتانیاهوو لە چەند حەفتەی داهاتوودا پۆستەکەی لەدەست بدات و کۆماریخوازەکانی ئەمریکاش لە مانگی ژانویەدا کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرە لەدەست دەدەن، کە ئەمەش دەسەڵاتی نەیارانی ترامپ لە بڕیاردان لەسەر بودجەی شەڕ زیاتر دەکات.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی نوامبر لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی "فاکسنیوز" وێڕای ئاماژەدان بە خواستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام، هەڕەشەکانی دووپات کردەوە و وتی: "من کارەکە تەواو دەکەم، بەڵێ بە زوویی و بە هەر شێوەیەک بێت ئەم کارە دەکەین."
بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی نوامبر لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بۆ بڕیاردان پەلە ناکات و چاوەڕێ دەکات بزانێت دوای ساڵی نوێ چی ڕوو دەدات.
هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردەوە کە نێتانیاهوو گوشاری خستووەتە سەر واشنگتۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانیی چوار تا حەوت ڕۆژە دژی ئێران.
لە هەمان کاتدا، برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەش و سەرۆکی مووساد کۆ بووەتەوە کە ئەرتەشی ئیسرائیل وەک هەڵسەنگاندنێکی هاوبەش و گشتگیر بۆ دۆخەکە وەسفی کردووە.