کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چوار کەسی پەیوەندیدار بە تۆڕی فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامیی گەمارۆ دا

08:54 - 30 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، چوار کەسی پەیوەندیدار بە تۆڕی فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامی و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی خستە لیستی سزاکانەوە. هاوکات وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هەواڵی قووڵتربوونەوەی قەیرانی داهاتە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاند.

سکات بێسێنت، ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە پاشەکەوتە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەریادا بەرەو تەواوبوون دەچن و ڕەنگە ڕێژیم هەرگیز داهاتی ئەو نەوتە فرۆشراوانەی وەرنەگرێتەوە. ناوبراو دۆخی ئابووریی ڕێژیمی بە "کەشتییەک کە خەریکە نوقم دەبێت" چواند.

"محەممەدجەواد باوەند"، "مەجید تاج"، "محەممەدحوسێن سەروەتی" و "موجتەبا عەرەب‌نژاد" چوار کەسە گەمارۆدراوەکەن کە بە وتەی وەزارەتی خەزێنەداری، لە تۆڕەکانی فرۆشتنی نەوت، گواستنەوەی داهاتەکان و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ناوەندەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵیان هەبووە.

واشنگتۆن ڕایگەیاندووە کە ئەم گەمارۆیانە بە ئامانجی بڕینی ڕێڕەوەکانی داهاتی ڕێژیم و بەرەنگاربوونەوەی دەورلێدانەوەی سنووردارکردنە داراییەکان سەپێندراون.

بەپێی بڕیارەکە، دارایی کەسانی گەمارۆدراو لە سنووری دەسەڵاتی ئەمریکادا بلۆکە دەکرێت و هاوکاریی دارایی لەگەڵیاندا ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە.