
حەسەن شێخانی
مرۆڤ لەو کاتەوە کە لەدایک دەبێ، بەرەو مەرگ دەڕوا. ئەمە ئێگزیستانسی مرۆڤە و خەسڵەتێکی تراژیکی بە ژیانی مرۆڤ بەخشیوە. چۆنیەتیی خوێندنەوەی ئەم خەسڵەتە و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، مرۆڤەکان و قوتابخانە هزرییەکان لێک جیا دەکاتەوە.
بەشێکیان وەها سێبەری کۆتایی ژیان، کە مەرگە، بەسەر ژیاندا دەکێشن، کە بەتەواوی ژیان دەخەنە ژێر حاکمییەت و سەیتەرەی مەرگەوە. خوێندنەوەیەک بۆ ژیان دەکەن وەک بڵێی ژیان شتێکی بێنرخە و تەنیا سێبەرێکە نەک حەقیقەت. ئەمەش لە ئەفلاتوونەوە کە گەورەترین مێتافیزیسیەنی هزری ڕۆژاوایە، سەرچاوە دەگرێت؛ لەم ڕوانگەیەدا، جیهان و ژیانی ئەم جیهانە، سێبەری مێتافیزیک و جیهانی نموونە باڵاکانن.
لە یۆنانی کەوناراوە هەتا ئێستا، ئەم هزر و مژارە پەرەی سەندووە و شێوازی جۆراوجۆری وەرگرتووە و بووەتە جێگەی گەنگەشە و ڕووبەڕووبوونەوەی هزریی فیلسووفان و بیرمەندان.
هەندێکیان خەسڵەتی تراژیکیی مرۆڤیان کردووەتە حوججەتێک بۆ ئەوەی ژیان بەهەند نەگرن و پشتی تێ بکەن؛ بەشێکیشیان وێڕای داننان بە خەسڵەتی تراژیکیی ژیانی مرۆڤ، پێیان وایە تا لە ژیاندای، دەبێ تێبکۆشی و شەڕی بۆ بکەی کە ژیانێکی شایستە و دڵخواز دابین بکەیت. ڕاستە ژیانی مرۆڤ کورتە و پڕە لە ناهەمواری و سەختی، بەڵام هیچ ئایدیایەک ناتوانێ و نابێ ببێتە هۆی ئەوەی غەریزەی ژیان و ژیانویستیی مرۆڤ وەلا بنێت و بەسەریدا زاڵ بێت. ڕاستە مرۆڤ لەو کاتەوە کە لەدایک دەبێت، بەڕێ دەکەوێت و تا تەمەنی دەچێتە سەر، لە مەرگ وەک دواوێستگە و کۆتایی ژیان نزیک دەبێتەوە؛ بەڵام لەم ماوەیەدا هەوڵ دەدات، لێگەڕان دەکات، لەگەڵ شتی تازە بەرەوڕوو دەبێت و لە هەموو هەوراز و نشێوی ژیاندا بە توندی دەست بە ژیانەوە دەگرێ و خۆی دەپارێزێ و، هەر ئەم غەریزەی خۆپاراستن و ژیانەیە کە هۆکاری بەردەوامیی ژیانە. چونکە ئەگەر ئەم غەریزەیە نەبایە، ژیانێک بوونی نەدەبوو. ئەمە بنەڕەتیترین خەسڵەتی مرۆڤە و، تەنانەت بە هەندێک جیاوازییەوە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە. ئاژەڵیش هەوڵی خۆپاراستن و مانەوەی هەیە و، لە ئەگەری بەرەوڕووبوون لەگەڵ مەترسیدا، بە شێوازی جۆراوجۆر دەیەوێت خۆی بپارێزێت و ڕزگار بکات. ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ناتقە، بیر دەکاتەوە و ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی هەیە؛ بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونەکانی پێش خۆی، خۆپاراستن و لە ژیاندا مانەوە و ژیانویستی دەباتە ئاستێکی تر و بە شێوەیەکی جەوهەری لە ئاژەڵ جیا دەبێتەوە.
لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی مرۆڤدا، ژیان و گوزەرانی دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەچێت؛ گۆڕان و بەرەوپێشچوونێک کە لە ئاژەڵدا نابینرێ. ئاژەڵ چونکە زمان و بیری نییە، بوونێکی بێ گۆڕان و گەشەسەندنی هەیە. تەنانەت ئاژەڵ ناژی، زیندووە؛ ژیان و ژین تایبەتن بە مرۆڤ. مرۆڤ دەژی، ئاژەڵ زیندووە. مەرگیشیان جیاوازە؛ مرۆڤ بیر لە مردن دەکاتەوە و بەشێکی گەورەی مێتافیزیک لە بیرکردنەوە لە مەرگ و ئەوەی کە دوای مەرگ مرۆڤ چی لێ دێت، کۆتایی دێت یان بە شێوەیەک بەردەوام دەبێت، سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت بیرکردنەوە لە دوای مەرگیش، لە ژیانویستیی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ دەزانێت لەو ڕۆژەوە کە لەدایک دەبێت بەرەو مەرگ دەڕوا، بەڵام نەتەنیا هەوڵی خۆپاراستن، باشترکردن، بەرەوپێشبردنی ژیانی و، ئەوەندەی دەکرێت، درێژکردنەوەی تەمەنی دەدات، بەڵکوو بەوەندەش قەناعەتی نەکردووە و خولیای ئەوەی هەیە ژیانی لە فۆڕمێکی دیکەدا هەر بەردەوام بێت.
نیچە فیلسووفی ئاڵمانی، مێتافیزیک ڕەت دەکاتەوە و لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕەسەنایەتی بۆ ژیان، بۆ ئەم جیهانە، دەگەڕێنێتەوە. دژی هەموو ئەم هەوڵانە دەوەستێت کە بە بیانووی ژیانێکی تر و جیهانێکی تر، ئەم ژیانە و ئەم جیهانە بێبایەخ دەکەن و دەیکەنە سێبەر و پاشکۆی حەقیقەتێکی تر. ئەمە چەشنێک گەڕانەوەی بایەخ و حەقیقەتە بۆ ژیان. ژیان ئەمەیە: کورتە، پڕە لە سەختی و دژواری، بەڵام مرۆڤ لە پێناو ژیاندا ئەمانە تەحەمول دەکا و تێیان دەپەڕێنێت. مرۆڤ ئیرادەی ژیانویستی هەیە، ئیرادە و خواستی هێز و دەسەڵاتی هەیە؛ هەموو ئەم شەڕ و هەڵڵایانەی لە مێژووی مرۆڤدا دەیانبینین، نوێنگە و دەرخەری ویستی هێز و دەسەڵاتی مرۆڤە، یا باشترە بڵێین ویستی ژیانی مرۆڤە؛ مرۆڤ لە پێناو ژیاندا، ژیانێکی باشتردا، باشتر لەوانی دیکە، هەوڵی خۆبەهێزکردن دەدات و دەیەوێ دەسەڵاتی هەبێت بۆ ئەوەی، ئەوەی ویستی بیکات. لێرەدا دەمەوێت کەمێک لە نیچەش ئەولاتر بڕۆم و بڵێم کە مێتافیزیکیش چەشنێک ژیاندۆستی و ژیانویستیی مرۆڤە و لە قووڵایی خۆیدا گەڕانە بەدوای بەردەوامیی ژیاندا؛ هەرچەند مێتافیزیک بۆ کەمنرخکردنی ژیان و دابەزاندنی ئاستی، لەچاو ژیانێکی دیکە، لێک دراوەتەوە. ئەم ڕاستییانە سەلمێنەری ئەوەن کە خۆپاراستن، ژیان و خواستی باشترکردن و درێژەدانی ژیان، بنەمای بوونی مرۆڤن؛ ئۆنتۆلۆژیی مرۆڤن. تەنانەت ئەو ئایدیۆلۆژییانەی ژیانی خەڵکێکی زۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆردا زەوت دەکەن، ئایدیۆلۆژی یان خواستی دەسەڵاتی تاقمێک یان ئۆلیگارشییەکن کە لەپێناو حاکمییەت و دەسەڵاتی خۆیاندا، «سیاسەتی مەرگ» دەگرنە بەر و دەبنە حاکمانی مەرگ؛ لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکدا، ژیانی خەڵک ئاراستە دەکەن، سنوورداری دەکەن و ژیان لە خەڵک زەوت دەکەن.
حاکمییەتی مەرگ
یەکێک لە ڕەهەند یان تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە دیکتاتۆر و خۆسەپێن و تۆتالیتێرەکان ئەوەیە کە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا و لە بەرگی ئایدیۆلۆژیی جیاوازدا، ژیانی خەڵک بەرتەسک دەکەنەوە؛ ئاراستەی دەکەن، لە قاڵبی دەدەن و، بەگشتی ژیانی خەڵک زەوت دەکەن و ناهێڵن ژیان ڕەوتی ئاسایی خۆی وەربگرێت. خۆیان وەک خێرخوازی خەڵک دەنوێنن، کە مەسڵەحەت و چاکەی خەڵکیان دەوێت؛ وەک بڵێی خەڵک خۆیان نازانن مەسڵەحەت و چاکەیان لە چیدایە! ژیانی خەڵک، جەستەیان و هەڵسوکەوتیان لە بواری کۆمەڵایەتیدا کۆنتڕۆڵ دەکەن و جەستەی مرۆڤەکان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتیان لە بیاڤی کۆمەڵگەدا، دەکەنە مەیدانی دەسەڵاتیان. ناهێڵن خەڵک بە ئارەزووی خۆی بژی و لە ژیانی چێژ وەربگرێت. ئەمانە هەمووی لەژێر ناوی ئەخلاق و خێر و چاکەی کۆمەڵگەدا دەکرێن، بەڵام لە واقیعدا لەپێناو دەسەڵات و مانەوەی خۆیاندایە؛ ژیان و ئازادیی خەڵک زەوت دەکەن لەپێناو دەسەڵات و مانەوەی خۆیاندا. بەڵام مێژووی مرۆڤ نیشانی داوە کە ئەم هەوڵانە ناتوانن لە بەرامبەر غەریزەی ژیان و ژیاندۆستی و ژیانویستیی مرۆڤدا هەتا سەر خۆ بگرن و دواجار شکست دێنن؛ چونکە ژیانویستی بنەمای ئۆنتۆلۆژیکی مرۆڤە و هەر ئایدیۆلۆژی و قوتابخانەیەکی هزری کە بیەوێ پێچەوانەی ئەم بنەما ئۆنتۆلۆژیکە بجووڵێتەوە، هەرەس دێنێت و لەنێو دەچێت.
شەڕی مانەوە لە دژی حاکمانی مەرگ لە ئێراندا
کۆماری ئیسلامی لەم ڕێژیمانەیە کە بەم جۆرە دەجووڵێنەوە. لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، بووەتە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی خەڵکەوە. بە ناوی حیجابەوە، لە ژێر ناوی خێرخوازی و ئەخلاقدا، جەستەی ژنانی کردووەتە شوێنی پیادەکردنی دەسەڵاتی. بە حیجابی زۆرەملێ، لێکجیاکردنەوەی جێندەری، قەدەغەکردنی شادی لە بیاڤی گشتیدا و پەرەدان بە کولتووری گریان، عەزاداری، مەرگویستی و شەهادەتخوازی، لە ڕاستیدا لەگەڵ مەیل و ویستی بنەمایی مرۆڤ، کە ژیانکردن و ژیاندۆستی و ژیانویستییە، کەوتووەتە بەربەرەکانێ. لە دوو ڕێگەوە ژیانی لە خەڵک تاڵ کردووە: یەکەم، بە دانانی یاسا و ڕێسای جۆراوجۆر، ژیانی خەڵکی بەرتەسک و ناخۆش کردووە و نەیهێشتووە خەڵک بەگوێرەی دڵ و ویستی خۆی بژی. دووەم، لە ئەنجامی سیاسەتەکانیدا کە بووەتە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان، ژیانی خەڵکی نەتەنیا دژوار کردووە، بەڵکوو دەرەتانی زیندوومانەوەشی لێ زەوت کردوون. ئێستاکە دۆخی خەڵکی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوەندە خراپە کە هەموو هەوڵیان نەک بۆ ژیانکردن، بەڵکوو بۆ زیندوومانەوەیە؛ ژیانێکی نەمرنەژییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە خەڵک ناتوانن بە ویستی خۆیان بژین، بەڵکوو ئەوەیە کە هەر ناتوانن بژین. لێرەدایە کە کۆماری ئیسلامی ڕێک کەوتووەتە بەرامبەر ژیانویستی و غەریزەی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە. ئەگەر لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»ـدا خەڵک بۆ چۆنیەتیی ژیان ڕاپەڕین، ئەمجارە بۆ زیندوومانەوە و لە ژیاندا مانەوە لە دژی ڕادەپەڕن. دۆخەکە بە ڕادەیەک خراپە کە ئەم باسانەی لە چوارچێوەی شۆڕش و شۆڕشەکاندا دەکرێن ـ وەک ئەوەی «ئایا هەژاری دەبێتە شۆڕش یان نا؟» ـ دەرەقەتی دۆخەکە نایەن و ناتوانن تەفسیری بکەن.
کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دۆخێکی دروست کردووە کە دوو بژاردەی لە بەرامبەر خەڵکدا داناوە: ڕازیبوون بە مەرگێکی لەسەرەخۆ، یان هەوڵدان و هەستان و شۆڕش بۆ زیندوومانەوە. لێرەدایە کە بە توندی کەوتووەتە بەرامبەر خەسڵەتی هەرە بنەمایی مرۆڤ کە هەوڵدانە بۆ خۆپاراستن و زیندوومانەوە و ژیان. پرسەکە هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیان نییە، لەوە تێپەڕیوە؛ بۆ پاراستنی ژیانە. کۆماری ئیسلامی دۆخێکی خوڵقاندووە کە بەڕاستی دەتوانین پێی بڵێین حاکمییەتی مەرگ و بە حاکمانی کۆماری ئیسلامیش بڵێین حاکمانی مەرگ؛ ژیانی لێ زەوت کردوون و مەرگی خستووەتە بەردەمیان. لێرەدایە کە پارێزگارترین مرۆڤەکانیش تەحەمولی ئەم دۆخە ناکەن و دواجار لێی هەڵدەستن.
ئەگەر جاران دەگوترا خەڵک بیر لەوە دەکەنەوە کە دۆخەکە چی لێ دێتەوە، دوای کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێ و کێ دەبێتە دەسەڵاتدار و ئەمەش خەڵکی موحافزەکار کردووە و وای لێ کردوون کە بە هەراوی نەیەنە سەر شەقام و ئەوەی پێی دەڵێن توێژی خۆڵەمێشی، نەیەنە سەر شەقام؛ ئەگەر جاران دەگوترا خەڵک لە ترسی ئەوەی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێ دەکات و دەیانکوژێ، نایەنە سەر شەقام؛ بەڵام ئێستا دۆخێک دروست بووە کە خەڵک لە ترسی مردن دێنە سەر شەقام. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ و سیاسەتی مەرگی کۆماری ئیسلامی ناچارن بێنە سەر شەقام. کاتێک زۆرینەی خەڵک هەرچی دەکەن، ناتوانن بژین و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بۆ خەڵکێکی لەم چەشنە ترس لە مەرگ مانای نامێنێ. ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێ، ئەگەری زۆری هەیە کە ڕێژیم لەگەڵ شۆڕشی برسییەکان بەرەوڕوو بێت. دواجار غەریزەی ژیان و زیندوومانەوە دەبێتە کۆتاییهێنەری کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماییترین خەسڵەتی مرۆڤ، لەگەڵ بوونی مرۆڤ، کەوتووەتە بەرامبەرەوە. ئیتر کاتێک دۆخێکی وا دروست دەبێت، خەڵک بیر لە دواهاتەکان ناکاتەوە، بیر لە وڵات و نیشتمان ناکاتەوە، ئەمانە هەمووی مانای خۆیان لەدەست دەدەن. شەڕ بۆ مانەوەیە، بۆ خۆڕزگارکردنە؛ ئیتر ناتوانرێ بە ناوی وڵات و شتی لەم چەشنە خەڵک لە ڕاپەڕین پاشگەز بکرێتەوە. (تەنانەت مەرگی کۆماری ئیسلامی بووەتە مەرجی پاراستنی وڵاتیش؛ چونکە ئەم ڕێژیمە سەرەکیترین دوژمنی وڵاتە و، بەو شێوەیەی بەڕێوەی دەبا، مانایەکی بۆ نیشتمانیش نەهێشتووەتەوە و هێناویەتە لێواری لێکهەڵوەشان.) ئەمە خەسڵەتی نەتەنیا مرۆڤ، بەڵکوو ئاژەڵیشە: کاتێک دەکەوێتە بەر مەترسیی لەنێوچوون، هەموو شتێک و هەموو هەوڵێک دەدا کە خۆی ڕزگار بکات؛ ئەولەویەتی ئەوەیە، ئەوەی کە دوایی چی لێ دێ، دەکەوێتە قۆناغی دواتر، دوای خۆڕزگارکردن. بەڕاستی کۆماری ئیسلامی حاکمییەتی مەرگە، بەڵام کێشەکەی ئەوەیە کە هیچی پێ لەگەڵ غەریزەی ژیان و ژیانویستیی مرۆڤ ناکرێت، دەرەقەتی نایەت و لە بەرامبەریدا شکست دێنێت.
دۆخی ئێستا شەڕکردنە لەگەڵ مەرگ و حاکمانی مەرگ. ئەگەر خەڵک لەمەودوا لە مەرگیش نەترسن، هی مەرگدۆستییان نییە، هی ژیاندۆستییانە، هی ئەڤینە بۆ ژیان، هی مەیلی ژیان و مانەوەیە، هی مرۆڤبوونیانە. کۆماری ئیسلامی زۆر شتی کردووە، بەڵام لە هەموویان خراپتر ئەوەیە مرۆڤەکانی لە مرۆڤبوون خستووە، کارێکی کردووە کە زیندوومانەوە ببێتە مەسەلەیان، ببێتە ڕۆژەڤیان. تەنگی پێ هەڵچنیون، ئیتر هیچی تێدا نەهێشتووەتەوە، بۆیە خەڵک ئیتر هیچی نەماوە لەدەستی بدەن، ئەگەر هیچ نەکەن لەنێو دەچن. بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەوەی زەوت کراوە، ناچارن هەنگاو بنێن. کۆماری ئیسلامی ئەمەی کردووەتە ناچاری. خەڵک هیچ ڕێگەیەکی تریان لە بەردەمدا نەماوە، تەنیا ئەوە نەبێ بۆ زیندوومانەوە، بۆ ژیان، باشترکردنی ژیان و هەموو ئەو شتانەی لێیان زەوت کراوە، وەدەنگ بێن و لە دژی مەرگ و حاکمانی مەرگ ڕاپەڕن. کۆماری ئیسلامی ئەمەی کردووەتە تەنیا بژاردەی بەردەم خەڵک.