کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جی‌دی ڤانس: پێویستە ڕێگری لەوە بکرێت کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات

12:56 - 30 خەزەڵوەر 2726

جی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕێگریکردن لەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات، هۆشداریی دا کە ڕێژیمی ئێران ئەگەر دەستی بەو چەکانە ڕابگات، ڕەنگە بۆ گوشارخستنە سەر یان هێرشکردنە سەر خەڵکی ئاسایی بەکاریان بهێنێت.

ڤانس هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەنگاوی سەربازیی دژی ڕێژیمی ئێران لە ئەستۆی سەرۆککۆماردایە.

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بە پێناسەکردنی کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین پشتیوانیی دەوڵەتیی تێرۆریزم، ئەوەشی خستە ڕوو: «ئەگەر ئەوان چەکی ئەتۆمییان لەبەر دەستدا بێت، وەک ئامرازێکی گوشار بەکاری دەهێنن، یان ڕەنگە هێرش بکەن و هەزاران یان تەنانەت سەدان هەزار کەسی بێتاوان بكوژن».

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەنگاوی سەربازیی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی وتی: «ئەمە سەرۆککۆمارە کە بڕیار دەدات و سەرۆککۆمار وتوویەتی کە جارێکی تریش ئەم کارە ئەنجام دەداتەوە».

ڤانس هەروەها جەختی لەسەر پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکانی ترامپ کردەوە و ڕایگەیاند: «بە لای منەوە، ئامانج و ئەركی من پشتیوانیکردن لە سەرۆککۆماری ئەمریکایە».

ڤانس پێشتر لە هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی کۆنگرەی ئەمریکادا، ئاماژەی بە کاریگەریی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی بەرهەمی هەڵبژاردنی کۆماریخوازان کردبوو.