لە درێژەی قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری و سیاسەتە شەڕخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران، داتاکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم دەریدەخەن کە نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لە هەشت پارێزگای ئێران سنووری ١٠٠ لەسەدی تێپەڕاندووە و نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانەی بۆ مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاو کراونەتەوە، پارێزگای هورموزگان بە تۆمارکردنی هەڵاوسانی ١١٣.٧ لەسەد لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەویش پارێزگاکانی ئیلام بە ١١١.٩ لەسەد و ورمێ بە ١٠٧.٥ لەسەد لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن.
هەروەها پارێزگاکانی سنە، لوڕستان، خووزستان، بووشێهر و گوڵستان لەو پارێزگایانەن کە هەڵاوسانیان سەرووی ١٠٠ لەسەد بووە و نێونجیی هەڵاوسان لە ئاستی گشتیی ئێراندا گەیشتووەتە ٨٨.٧ لەسەد.
لەلایەکی دیکەوە، خێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە هەر ١٠ ڕۆژ جارێکدا بە شێوەی نێونجی گەیشتووەتە ١.٦ لەسەد. لەم پێوەرەشدا دوای هورموزگان (٢ لەسەد)، پارێزگاکانی ورمێ و ئیلام بە ١.٨ لەسەد و پارێزگای سنە بە ١.٧ لەسەد لە ڕیزی پێشەوەی گرانیدا جێیان گرتووە، لە کاتێکدا تاران کەمترین نرخی هەڵاوسانی بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە تۆمار کردووە.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە سیاسەتە سەربازی و شەڕخوازییەکانی ڕێژیم و گەمارۆی دەریایی، گواستنەوەی کاڵا و دابینکردنی کەرەستەی خاوی تووشی قەیران کردووە.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی داڕمانی توانای کڕینی هاووڵاتییان و قورسترین گوشاری بژێویی خستووەتە سەر دانیشتووانی کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێران.