کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە موورمووریی ئاودانان بە دروشمی «نەمان بۆ دیکتاتۆر»

13:05 - 30 خەزەڵوەر 2726

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە شاری موورمووریی سەر بە ئاودانانی ئیلام بە وتنەوەی دروشمی «نەمان بۆ دیکتاتۆر» و ڕاگەیاندنی پشتیوانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئەم شارەدا دەسبەسەر کراون، بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ناڕازییان لەم کۆبوونەوەیەدا بە وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا بەڕێوە چوو کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، دوای گیانلەدەستدانی ١٣ کارمەندی کەرتی نەوت و گاز لە ڕووداوی وەرگەڕانی پاسێکدا لە ڕێگای دەشت‌عەباس بۆ موورمووری دەستی پێکردبوو.

ناڕەزایەتییەکان سەرەتا بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی خراپیی ڕێگاوبانەکان و کارکردی بەرپرسان دەستی پێکرد، بەڵام وردەوردە بەرەو وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی پەرەی سەند.

هەتا ئێستا ناسنامەی هەشت هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان پشتڕاست کراوەتەوە.