لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتکاری و ڕەشبگیرییەکانی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بەمەش ئاماری دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گەیشتە ١٤ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و شوێنی کاری چەندین هاووڵاتیی دیکەی شاری ئاودانان و بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە لێدان و توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون.
بەم پێیە، ناسنامەی ١٤ کەس لەو هاووڵاتییانەی لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەرەوە لە ئاودانان دەسبەسەر کراون بۆ کوردپا ئاشکرا بووە کە بریتین لە: "عەلی حوسێنی، سینا دەرویشی (مێرمنداڵی ١٥ ساڵان)، ئیرەج حەیدەری، سەعید عەبدوڵڵاهی، ئەسغەر ئەکبەری، ئارمین سلێمانی، بێهنام مورادی، پەیمان کەریمزادە، شەهرام جاویدانە، مەیسەم نەزەری، محەممەدحوسێن کاویانی، حوسێن عەلیزادە، حەمید شامحەممەدی و حەمزە هاشمی."
هەروەها "موحسن باویر"یش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر و دواتر ئازاد کراوە.
سەرجەم ئەم دەسبەسەرکراوانە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. هاوکات بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیلام وێڕای حاشاکردن لە دەسبەسەرکردنی خەڵک، هەڕەشەی سەرکوتی توندیان لە ناڕازییان کردووە.
ناڕەزایەتییەکانی ئاودانان دوای گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکاری ئەو شارە لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسێکدا سەری هەڵدا، کە تێیدا خەڵک و بازاڕییان دژی بێبەشی و کەمتەرخەمیی بەرپرسان مانگرتن و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد، بەڵام هێزەکانی یەکەی تایبەت بە گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ژمارەیەکیان بریندار کرد.