لە درێژەی قەیرانە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان و ناکارامەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاووڵاتییان، شەپۆلێکی نوێی بڕانی کارەبا بەشە ماڵان و بازرگانییەکانی گرتەوە و ئەگەری هەیە لە وەرزی زستاندا دۆخەکە زۆر سەختتر بێت.
شیرکەتی "تەوانیر"ی ئێران ڕایگەیاند کە لە ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥ـەوە، بەهۆی سنووردارکردن لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕانی بەرنامەبۆداڕێژراوی کارەبا لە بەشەکانی ماڵان و بازرگانیدا دەست پێدەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو شیرکەتە، سنووردارییەکانی دابینکردنی کارەبا دەکرێت بگاتە دوو کاتژمێر لە هەر دوو ڕۆژدا و لە ئەگەری ساردتربوونی کەشوهەوا، ئەگەری زیادبوونی بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا هەیە.
محەممەد ئەڵڵاداد، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی تەوانیر، کەمیی سووتەمەنیی وێستگەکانی بە هۆکاری سەرەکیی جێبەجێکردنی ئەم سنووردارییە نوێیانە ناو بردووە و بانگەشەی کردووە کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی تۆڕی کارەبا دەگیرێتە بەر.
دەستپێکردنەوەی بڕانی کارەبا لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی شەممە دانی بە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا نا و هۆشداریی دا کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە، کێشەکانی دابینکردنی وزەی توندتر کردووەتەوە و دەبێت لە زستانی داهاتوودا چاوەڕوانی سەختی و دژواریی زیاتر بکرێت.