کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل و سێنتکام پلانە سەربازییەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران پەسەند کرد

08:22 - 1 سەرماوەز 2726

هاوکات لەگەڵ بنبەستیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) پلانە سەربازییە هاوبەشەکانیان بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل، ئەفسەرێکی باڵای ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە تێلاڤیڤ چاوەڕوانی بڕیاری دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئێرانە.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا بە کاناڵی "ئەلعەرەبییە"ی ڕاگەیاندووە کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنگتۆن و تاران سەرەڕای پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان نێوەندگیرەکان، هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و تائێستا نێوەندگیرەکان نەیانتوانیوە هیچ گەرەنتییەک بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی گرژییە سەربازییەکان وەربگرن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەوەری سەرەکیی ناکۆکییەکان چارەنووسی ئۆرانیۆمی پیتێنراوە؛ ئەمریکا جەخت لە پێشکەشکردنی پلانێکی ڕوون بۆ دەرکردن یان یەکلاکردنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و وەرگرتنی گەرەنتیی نووسراو بۆ دەستپێنەکردنەوەی پیتاندن لە داهاتوودا دەکاتەوە، بەڵام ڕێژیمی ئێران دژی گواستنەوەی کۆگاکانی ئۆرانیۆمەکەی بۆ دەرەوەی وڵاتە.

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە لە دوای شکستی دانوستانەکانی مانگی پووشپەڕی ڕابردووەوە سەپێنراوە، پێی ناوەتە ڕۆژی ١٣٠ـەمینەوە و هاوکات هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان زیادی کردووە.