کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: بەدوای ڕێککەوتنێکی هەمیشەییدا دەگەڕێم و ڕێژیمی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت

08:27 - 1 سەرماوەز 2726

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکە و تەنگژەی بەردەوامی نێوان واشنگتۆن و ڕێژیمی ئێران، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە بەدوای ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و درێژخایەندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی مسۆگەر بکرێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە واشنگتۆن بەدوای ڕێککەوتنێکی درێژخایەندایە لەگەڵ تاران، نەک لێکتێگەیشتنێکی کاتی کە بە گۆڕینی دەوڵەتی ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە خوازیاری گۆڕینی سیستەم لە ئێران نییە، وتی بەرپرسانی ئێستای ئەو وڵاتە عاقڵترن، هەرچەندە دانوستان لەگەڵیان هێشتا سەختە چونکە لەوانەیە ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن و ڕۆژی دواتر پاشگەز ببنەوە.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا هاتوونەتە ئاراوە کە جموجۆڵی دیپلۆماسیی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەستی پێکردووە و شاندێکی قەتەری ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوەندگیرەکاندا بۆ پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی، لە تاران دانوستان و گفتوگۆی ئەنجام داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بڵاوی کردەوە کە تاران لە ڕێگەی دیداری ڕاستەوخۆ و پەیوەندیی مەجازییەوە لەگەڵ نێوەندگیرەکان لە پەیوەندیدایە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمیش، وێڕای جەختکردنەوە لەوەی کە هیوادارن شەڕ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بێت، باسی لە گۆڕینەوەی بەردەوامی پەیام لەگەڵ واشنگتۆن لە ڕێگەی لایەنە ناوچەییەکانەوە کردووە و داوای گەرەنتی کردووە.

لە بەرانبەردا، ترامپ وتی ڕێژیمی ئێران خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام ئەو مەرجانە قەبووڵ ناکات کە واشنگتۆن بە گونجاوی دەزانێت و جەختی کردەوە کە ئەمریکا بەدوای ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەدایە نەک ڕواڵەتی.