کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ڕۆژانە ٣٩٠ کەس تووشی شێرپەنجە دەبن

08:40 - 1 سەرماوەز 2726

سەرۆکی گرووپی بەڕێوەبردنی شێرپەنجە لە نووسینگەی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە نەگوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکانی سیستەمی تۆمارکردنی شێرپەنجە، ڕۆژانە نزیکەی ٣٩٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمار دەکرێت.

بە وتەی مریەم بەهەشتیان، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا چووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە تێیاندا مامناوەندە. بەهەشتیان ئەم دۆخەی بە «زەنگی مەترسی» ناوبرد.

بە وتەی بەهەشتیان، شێرپەنجەکانی سینە، تیرۆید و ڕیخۆڵە، باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن لەنێو ژنانی ئێراندا.

 شێرپەنجەی سینە بە تەنیا نزیکەی لەسەدا ٢٨ـی کۆی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە ژناندا پێکدەهێنێت.

بەهەشتیان ئاماژەی بەوەش دا، دابەزینی تەمەنی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە لە وڵاتانی دیکەش بینراوە و چەندین هۆکار ڕۆڵیان تێدا هەیە. ئەو کەمجوڵەیی و شێوازی خۆراکی ناتەندروستی بە هۆکارەکانی مەترسی زانی و وتی، بەساڵاچوویی دانیشتووانیش دەتوانێت کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووان زیاد بکات.

بەهەشتیان کێشانی جگەرە و نێرگەلەی بە هۆکاری مەترسیی قابیلی پێشگیری زانی و ڕایگەیاند، لانیکەم ١٠ جۆری شێرپەنجە پەیوەندییان بە بەکارهێنانی تووتنەوە هەیە، هاوکات جەختی لەسەر جوڵەی جەستەیی، پاراستنی کێشی تەندروست و خۆراکی گونجاو کردەوە.