کاناڵی هەواڵیی "ئەیبیسی نیوز"، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەر بڵاوی کردەوە کە ژمارەی هێرشە تۆمارکراوەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز و ئاوەکانی دەوروبەریدا لە مانگەکانی ئۆکتۆبر و نۆڤامبردا، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییەوە.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا، لە مانگی ئۆکتۆبردا ٣١ هێرش و تا ڕۆژی ١٨ی نۆڤامبریش ١٩ هێرش لە گەرووی هۆرمۆز و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمار کراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی مارسەوە تا سێپتامبر بە گشتی ٥٣ ڕووداوی هاوشێوە ڕاپۆرت کرابوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری شارەزایانەوە هاتووە کە زیادکردنی ئەم هێرشانە بە ئامانجی دژوارترکردن و گرانترکردنی تێچووی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ڕەوتی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هۆرمۆزەوە ئەنجام دەدرێت.
بە وتەی ئەوان، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەوە نیشان بدات کە تا کاتێک گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، هەناردەکردنی ئاسایی نەوت لە ناوچەکەدا جێبەجێ نابێت.
ئەیبیسی نیوز هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی جگە لەو کەشتییانەی بە گەرووی هۆرمۆزدا تێدەپەڕن، ژمارەیەک نەوتهەڵگری جێگیر لە کەنداویشی کردووەتە ئامانج و هێرشەکانی ئەم دواییە بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەمنییەتی کەشتیوانی و ژێرخانەکانی وزە لە ناوچەکەدا.