وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند هواوی و سێ شیرکەتی سەر بەو شیرکەتە بەهۆی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ساختەکاری، سپیکردنەوەی پارە و دزینی نهێنییە بازرگانییەکان بە تاوانبار ناسێنراون. بە وتەی ئەم وەزارەتخانەیە، هواوی لە چاودێریکردن و سانسۆرکردنی ئینتێرنێت هاوکاریی کۆماری ئیسلامی کردووە و کامێرای بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکان دابین کردبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئەمریکا کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەز بڵاو کرایەوە، دەستەی سوێندخۆرانی دادگای فێدراڵیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیویۆرک دوای دادگاییکردنی هواوی و سێ شیرکەتی «هواوی دیڤایس»، «فیوچێروێی تێکنۆلۆجیز» و «هواوی دیڤایس ئەمریکا» بڕیاری خۆی دەرکرد.
بڕیارە دادگا لە ٢٣ـی خەرمانانی ١٤٠٦ سەبارەت بە جۆر و قەبارەی سزای هواوی و سێ شیرکەتی سەر بەو شیرکەتییە بڕیار بدات. ڕەنگە ئەم شیرکەتییانە بە پێبژاردنی دارایی، دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان سزا بدرێن.
ئەم وەزارەتخانەیە زیادی کرد کە شایەتییە پێشکەشکراوەکان لە دادگادا دەریانخستووە هواوی کامێرای چاودێریشی دابین کردبوو کە ڕێگەی بە حکوومەتی ئێران دەدا چالاکییە ناڕەزایەتییەکان بخاتە ژێر چاودێرییەوە.
ڕاگەیەندراوەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتری سەبارەت بە کات و شوێنی بەکارهێنانی ئەم کامێرایانە یان ئەو خۆپیشاندانانەی کە بەم ئامێرانە چاودێری کراون، نەداوە.