کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٦٧ بەندیخانە

09:37 - 4 سەرماوەز 2726

سیاسەتی سەرکوت، بەکارهێنانی سزای سێدارە و دروستکردنی ترس و تۆقاندن لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بووەتە هۆی فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان لە نێو بەندیخانەکاندا و بەردەوامیی مانگرتنی بەندکراوان دژی ماشینە سەرکوتگەرەکەی ڕێژیم.

لەم چوارچێوەیەدا و بەپێی بەیاننامەی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥، ئەندامانی ئەم هەڵمەتە لە ١٤٨ەمین حەفتەی چالاکییەکانیاندا، لە ٦٧ بەندیخانەی جیاوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە بەندیخانەکانی سنە، مەهاباد، ورمێ، کرماشان، ئیلام، سەقز، بۆکان، بانە، مەریوان، کامێران، نەغەدە، سەڵماس، خۆی، میاندواو، دەڕەشار، ئێڤین و قزڵحەسار مانیان لە خواردن گرتووە.

لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە پەسەندکردنی ٧٣ـەمین بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن لێژنەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هاتووە کە تەنیا لە مانگی خەزەڵوەردا زیاتر لە ٨١ کەس لە سێدارە دراون و لە حەفتەی ڕابردووشدا لانیکەم ٢٩ بەندکراو لە دار دراون.

ئەو هەڵمەتە هۆشداریی داوە کە سزای سێدارەی دوو بەندکراویی سیاسی بە ناوەکانی "میلاد ئارموون" و "نەوید نەجاران" پەسەند کراوە و ئێستا لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحساردان و هەر ساتێک مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە حەفتەی ڕابردوودا سزای سێدارە بۆ پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی حوسێن پەروین، ئەمیرحوسێن غوڵامشاهی، حوسێن جەعفەری، پوویا فەخرئابادی و محەممەد شەرقی دەرچووە.

بەپێی بەیاننامەی هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە، حەفتەی ڕابردوو دانیشتووانی شاری ئاودانان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی هاوشارییەکانیان لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "نەمان بۆ دیکتاتۆر"یان وتەوە و لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەتییەکان لانیکەم ١٨ لاوی ناڕازییان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وێڕای داواکاری بۆ ئازادکردنی بێمەرجی ١٨ لاوی دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی شاری ئاودانان، داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان کراوە کە پشتیوانی لەم هەڵمەتە بکەن.