کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە لە شاری مەریوان دەستی پێکرد

10:14 - 5 سەرماوەز 2726

لە ٥ـەمین ساڵی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە ئەو هەڵمەتەی لەژێر دروشمی "ژینایی ئەم نیشتمانە بە سەوزایی زاگرۆسەوەیە" و "پێنج ساڵ هەنگاو، بۆ داهاتوویەکی سەوزتر" دەست پێکرد.

لە دوای دووبارەبوونەوەی ڕووداوی سووتانی دارستانەکانی قەڵای مەریوان، ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە هاوکاری قوتابییانی بیرسەوزی قوتابخانەکانی مەریوان و لە چوارچێوەی هەڵمەتی زاگرۆسانە‌ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ۵ هەزار نەمام لە جۆری دارە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، لەوانە مازوو، بەڕوو و قەزوانیان لە قەڵای مەریواندا چاندووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوانە، تەنیا چاندنی نەمامێک نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەشی پەروەردەی منداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ ژینگەپارێزی، ژینایی دارستانەکان و گەشەپێدانی هۆشیاری و بیری ئەندێشەی سەوزە لە نەوەی نوێدا.

هەروەها ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە کە ئامانج ئەوەیە منداڵەکانمان لە منداڵییەوە فێری ئەوە ببن کە دارستان تەنیا کۆمەڵێک دار نییە، بەڵکوو ماڵی ژیان، سەرچاوەی ئاوەدانی و بەشێک لە ناسنامە و بوونی نیشتمانەکەمانە.