لە درێژەی هەوڵە نهێنی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی ژێرخانە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی لە ژێر زەویدا، ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکایی بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ماهوارەکان، پەردەی لەسەر دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێ و قایم لە نێوان نەتەنز و ئێسفەهاندا لادا.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئەنیستیتۆی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی" لە واشنگتۆن، کە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥ بڵاو کراوەتەوە، ڕێژیمی ئێران خەریکی دروستکردنی دامەزراوەیەکی ژێرزەوینیی تۆکمەیە لە دڵی شاخێکدا لە ناوچەی "بێهجەت ئاباد"ی ئێسفەهان.
ئەو دامەزراوەیە ڕێک لە دووریی ٦٢ کیلۆمیتریی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێسفەهان و چیای "پیکاکس" (کوه کلنگ) لە نزیک نەتەنز هەڵکەوتووە و خێرایی دروستکردنی بە شێوەیەکی نائاسایی بەڕێوە دەچێت.
بە پشتبەستن بە وێنەی ماهوارەکان، "ڤێنتۆر" و "سێنتینێڵ-٢"، سەرەتای کارە بیناسازییەکانی ئەو پڕۆژەیە لە دێسامبری ٢٠٢٥دا دەستی پێکردووە و لە ئاپریل و ژانویەی ٢٠٢٦دا هەڵکەندنی توونێلەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کۆمەڵگەکە بە تەواوی دەرکەوتوون.
هاوکات ڕێژیم دەستی کردووە بە دانانی پەرژینی ئەمنییەتی بە دەوری ڕووبەرێکدا کە مەزەندە دەکرێت بگاتە نزیکەی پێنج هەزار هێکتار.
ئەنیستیتۆی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە کە هەرچەندە هێشتا زانیاریی تەواو لەسەر ئەرکی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی شوێنەکەی، ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان و خێرایی کارکردن تێیدا، ئەگەری زۆرە پەیوەندیی بە چالاکییە سەربازییەکان، سیستەمە مووشەکییەکان یان بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامییەوە هەبێت.