کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی نوێی نامیلکەی «لە ڕۆژنامەی کوردستان و کوردستان میدیاوە» تایبەت بە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ی کوردی

12:00 - 5 سەرماوەز 2726

ژمارەیەکی نوێ لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی «لە ڕۆژنامەی "کوردستان" و "کوردستان میدیا"وە» تایبەت بە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٦ی کوردی بڵاو کرایەوە. ئەم بەرهەمە کە لە لایەن ڕەحمان نەقشییەوە ئامادە و کۆ کراوەتەوە، کۆمەڵێک وتار، سەروتار، دیمانە، وەرگێڕان، شیکاری و بەڵگەنامەی سیاسیی بڵاوکراوەی ئەو مانگەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەخۆ دەگرێت.

ئەم نامیلکەیە لە زیاتر لە ١٦٠ لاپەڕەدا و بە ٣٢ بابەتی هەمەچەشن، تیشک دەخاتە سەر دۆخی هەستیاری ئێستا و قەیرانی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پرسی هاوپەیمانی و ئاڵترناتیڤ، داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی، شوناسی نەتەوەیی (بەتایبەت لە کرماشان و ئیلام)، کۆمەڵگەی مەدەنی، سزای لەسێدارەدان و مافی بەندکراوانی سیاسی، ڕۆڵی سەرمایەداری و پاراستنی ژینگە؛ هەروەها مێژووی ڕۆژنامەی «کوردستان» لە باکۆ و مێژووی مارشی «ئەی ڕەقیب».

لەم بەرهەمەدا دوو سەروتاری حەسەن شێخانی، پەیامی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی و ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی ئاودانان جێگیر کراون. هاوکات نامیلکەکە دیمانە و وتووێژەکانی د. کامران ئەمین‌ئاوە (لە دوو بەشدا)، خالید عەزیزی، مستەفا مەولوودی و تەیموور مستەفایی (کە لە لایەن شەهرام سوبحانی، فاتمە عوسمانی، دەنگی ئەمریکا و ئیرەم نیووزەوە ئەنجام دراون) و کۆمەڵێک وتار، یادداشت و وەرگێڕانی نووسەران و وەرگێڕان: سمایل شەرەفی، کەماڵ حەسەنپوور، مستەفا مەولوودی، ئیبراهیم لاجانی، زانیار حوسێنی، دارسمە، مەجید حەقی، عومەر باڵەکی، عەلی بداغی، هیوا بەهرامی، ناسر ساڵحی‌ئەسڵ، شەهێن زادئەحمەد، بەهار حوسەینی، قادر وریا، کەنێرە مێهفەر، حەسەن قارەمانی، سارۆ خوسرەوی و شاڕوخ حەسەنزادە لەخۆ دەگرێت.

ئەم نامیلکەیە سەرچاوەیەکی گرنگ و پۆلێنکراوە بۆ توێژەران، نووسەران و چالاکانی سیاسی تا بە خێرایی دەستیان بە ئەرشیڤ و بەرهەمە بڵاوکراوەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات ڕابگات.

بۆ بینین و داگرتنی فایلی (PDF)ی نامیلکەکە، لێرە کلیک بکەن.