ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی، حاجی وەلی پاوێر کوڕی شەهید عەلی پاوێر، ئەندامی دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی وەرمەزیار سەر بە ناوچەی بەراندێزی ورمێ، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کەسێکی خۆشناو، بەبیروباوەڕ و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو.
مام عەلی پاوێر باوکی ناوبراو، دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات بووە بە پێشمەرگە و هەتا ساتی شەهیدکرانی لە ساڵی ١٣٧٠ لە سنوری نێوان ئێران ـــ تورکیە بەوپەری ئیمان و سەداقەتەوە وەک کادری ناوچە خزمەتی بە حیزب و نیشتمانەکەی کردووە.
لە دوای ئەوەی مام عەلی شەهید بوو، حاجی وەلی سەرپەرستیی بنەماڵەکەی لە ئەستۆ گرتووە و هاوکات وەک ئەندامی نهێنیی حیزب چالاکی نواندووە.
حاجی وەلی یارمەتیدەری کادرەکانی تەشکیلاتی بوو و ئامادەی بەڕێوەبردنی هەموو ئەرکە حیزبییە پێ ئەسپێردراوەکان بووە.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی ئاوایی وەرمەزیار و بە بەشداریی خەڵکی ناوچەی بەراندێز بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.