وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەوڵەتی لوبنان لەنێوان بەردەوامیی هێژموونی کۆماری ئیسلامی و هەڵگرتنی ئەو هەنگاوانەی کە خۆی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی وڵاتەکەی پەسەندی کردوون، دەبێت یەکیان هەڵبژێرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵەکانی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەس، ئەم هەڵوێستە لە وڵامی داواکارییەکدا بۆ دەربڕینی بۆچوون سەبارەت بە وتارەکەی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی سەربەخۆییدا خراوەتە ڕوو.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیادیشی کرد، پشتبەستن بە کۆماری ئیسلامی بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا، لەسەر حیسابی سەروەریی لوبنان مافی ڤیتۆ دەداتە ئەم دەسەڵاتە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە چوارچێوە سێقۆڵییەکە، حکوومەتی لوبنان پابەند دەکات بە گەڕاندنەوەی قۆرخکاریی بەکارهێنانی هێز بۆ دەوڵەت، چەککردنی هەموو گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئەم گرووپانە هیچ ڕۆڵ و توانایەکی سەربازی یان ئەمنییان لە هیچ شوێنێکی لوبناندا نەبێت.
بە وتەی ناوبراو، حکوومەتی لوبنان جێبەجێکردنی ئەم پابەندبوونانەی قەبووڵ کردووە و ئەمریکا چاوەڕێی جێبەجێکردنی تەواوەتییان دەکات.
بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەمریکاییەکان، حیزبوڵڵا نزیکەی ٥٠ لەسەدی تواناکانی خۆی بەدەست هێناوەتەوە.
دەوڵەتی ئەمریکا لە هەوڵدایە لە ماوەی دوو بۆ سێ حەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سیاسیی نێوان شاندەکانی لوبنان و ئیسرائیلدا ڕێک بخات.