
هەیاس کاردۆ
ئەگەر نەتەوەیەک خۆی بە خاوەن هەموو شتێکی وڵات بزانێ، گەلانی دیکە دەبنە میوانی ماڵی خۆیان.
کاتێک باس لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکەین نابێ تەنیا لە بێدەنگکردن و سەرکوتی ئاشکرا و بەردەوامی گەلانی ژێردەستی غەیرە فارس بدوێین؛ چونکە ئەوە تەنیا ڕووی ئاشکرای مەسەلەکەیە. لەڕاستیدا لە پشت ئەو سیاسەتە سەرکوتکەرانەیەدا پرسیاری گرینگ خۆیان دەردەخەن: چۆن دەکرێ دەسەڵاتێک بە ناوی یەکپارچەیی وڵات مێژوویەکی ساختە بکاتە هی هەمووان؟ بە چ مافێک ناسنامەیەکی دیاریکراو دەکاتە ناسنامەی نیشتمانی و ئەوانی دیکە ژێر پێ دەخا؟ چۆن زمانی کۆمەڵە خەڵکێکی چەند ناوچەیەک دەکاتە زمانی ڕەسمیی هەمووان و زمانەکانی دیکە قەدەغە دەکا؟ ئەمە لەڕاستیدا ئەو دیوە شاراوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە کە پێویستیی بە لێوردبوونەوەی زیاتر هەیە. لێرەدا پێویستە وەبیر بێنینەوە مەبەست لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەو سیاسەت و تێفکرینەیە کە ناسنامە، زمان و مێژووی فارس دەکاتە پێوەری نیشتمانی و ئەوەش لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسییەوە بەسەر گەلانی دیکەدا دەسەپێنێ. بەگشتی دەکرێ ڕووی شاراوەی ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری ئێرانی لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت کەینەوە:
یەکەم، کۆنتڕۆڵی مێژوو: یەک لە گرینگترین ئامرازەکانی ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری ئێرانی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مێژوویە. ئەو کەسانەی لەژێر سەیتەرە و ئیمکاناتی دەسەڵاتدا مێژووی ئەم وڵاتەیان نووسیوەتەوە، وایان نیشان داوە تەنیا لایەنێکی تایبەت بەردی بناغەی کۆشکی ئێرانی داناوە و بە درێژایی مێژوو پاراستوویەتی. لە مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرادا مێژووی ئێران وا دەخوێندرێتەوە کە فارس کۆڵەکەی سەرەکیی یەکپارچەیی وڵاتە و تەنیا کولتووری ئەم نەتەوەیە شانازیی مێژوویی خوڵقاندووە. هەرچەند دوای هاتنە سەرکاری حکوومەتی پۆلیسیی ڕەزا پەهلەوی بۆ چەواشەکاری و کڵاو لەسەر نانی خەڵک هەوڵ درا کۆی خەڵکی ئێران وەک نەتەوەیەک حیساب بکرێ، بەڵام بە کردەوە تەنیا زمان و ئەدەبی ئەم بەشە لە خەڵکی ئێران کراوەتە بەردی بناغە و هیچ زمان و ناسنامەیەکی دیکە بە ڕەسمی نەناسراوە. بەمجۆرە لە نووسینەوەی مێژووی ئێراندا نەتەوە نافارسەکان جێگە و پێگەیەکی وایان پێ نەدراوە و بەتەواوی پەراوێز خراون.
نەتەوەی باڵادەستی فارس بە سازکردنی شانۆیەک بە ناوی ڕەچەڵەکی ئاریایی و بەدانانی سەرەتای مێژووی ئێران لە کوورووشی هەخامەنیشییەوە، بە ئاشکرا هەوڵی داوە خۆڵ دەچاوی خەڵک بکا و ئەم درۆ شاخدارە بکاتە ئەمری واقیع. ئەوە لە ڕاستیدا یەک لە دیوە شاراوەکانی ناسیۆنالیزمی پاوانخوازی ئێرانییە کە هەتا ئێستاش ملی بۆ ڕاستییە مێژووییەکان کەچ نەکردووە.
دووهەم، زمان: یەکی دیکە لە دیوە شاراوەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە وەک چەکێکی کاریگەر کەڵکی لێ وەرگیراوە، زمانە. لە وڵاتێکی پانوبەرینی وەک ئێراندا و بە بوونی زمان و فەرهەنگی جیاوازەوە، کاتێک دەسەڵاتی ناوەندگەرا زمانێکی تایبەت دەکاتە زمانی ڕەسمیی خوێندن و نووسین، بە تۆبزی هەوڵی سڕینەوەی زمانەکانی دیکە دەدا. لە وڵاتێکی ئاوادا دیارە نە عەداڵەت و یەکسانی مانای هەیە و نە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ؛ چونکە دەسەڵاتی ناوەند زیاتر لە نیوەی خەڵکی وڵاتەکەی لە سەرەکیترین مافی خۆیان کە فێربوونی زمانی زگماکییە، بێبەش کردووە. زمان تەنیا ئامرازی پێوەندیگرتن نییە، بەڵکوو هەڵگری بیرەوەری، مێژوو، کولتوور و ناسنامەیە. بە دروستکردنی بەربەست لەسەر ڕێی فێربوونی زمانی دایک، لە ڕاستیدا هەموو شتێکیان لێ زەوت دەکرێ.
بە پێی ڕاپۆرتە جێی باوەڕەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، وەک ئەمنێستی ئینترناشناڵ، سیاسەتی هەڵاواردنی زمان لە درێژماوەدا لانیکەم دەتوانێ ئەم زیانانەی بەدواوە بێ:
• لاوازکردنی پردی پێوەندیی نەوەی نوێ بە هاوزمان و هاونەتەوەی خۆی؛
• پەراوێزخستنی زمانە غەیرە فارسەکان لە دامودەزگا ڕەسمییەکاندا کە شەوقی درێژەدانی کار کەم دەکاتەوە؛
• دروستکردنی نایەکسانی لە دەرفەتی کار و خوێندندا؛
• دانانی پێوەری پێشکەوتن و پلەی کۆمەڵایەتی بۆ دامەزراندن کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە بێبەشکردنی زمانەکانی غەیرە فارسەوە هەیە.
سێهەم، بەئەمنییەتیکردنی داوا نەتەوەییەکان: سێهەمین ڕووی شاراوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە چاوی ئەمنییەتی سەیرکردنی هەر پرسێکی پێوەندیدار بە مەسەلەی نەتەوایەتییە. لە دێرزەمانەوە سیاسەتی ڕەسمیی دەسەڵاتی ناوەند کە ڕاستەوخۆ دەخزمەت نەتەوەیەکی تایبەتدایە، هەر داوایەکی نەتەوەیی وەک مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات سەیر کردووە و مافخوازانی ئەو پرسە وەک دوژمن بەرخوردیان پێ کراوە. یەک لە میکانیزمە سیاسییە گرینگەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا پێوەندیدانی هەر داوایەکی نەتەوەیی بە بابەتی ئەمنییەتی نیشتمانییەوەیە (امنیت ملی). بۆ وێنە هیچکات داوایەکی سیاسیی کورد لە ژووری بەرپرسانی ڕەسمیی حکوومەتیدا نایەتە بەرباس. ئەوە دەزگای ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکانن کە چاوەدێریی ئەو پرسەیان قۆرغ کردووە و تەنیا بە زمانی چەک و توندوتیژی و زۆر جاریش تیرۆر بەرخوردی پێ دەکەن. هەر بۆیەشە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کێشەی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران چارەسەر نەکراوە و بگرە ئاڵۆزتریش بووە.
چوارەم، کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکان لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە: قۆرغکردنی هەموو سەرچاوە ژێرزەوییەکان و بنکە ئابوورییەکانی ناوچە نافارسەکانی ئێران لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندگەراوە هەمیشە وەک چەکی مەزنیخوازی کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە کێشەی نەتەوایەتیی ئێراندا زیاتر باسی زمان و فەرهەنگ و بەستەرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر زار و زمانە. لە حاڵێکدا مەسەلەی ئابووری و سازکردنی بەربەستی پەرەگرتنی ناوچە نافارسەکان دەبێ وەک ئەسڵێکی گرینگ لەبەر چاو بگیرێ.
ئەگەر ئەوە قبووڵ بکرێ لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەزماندا، ناوچە نافارسەکان سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئەو بوارەن، دەبێ پرسیار بکرێ چ میکانیزمێک بۆ کەڵک لێوەرگرتنیان لەبەر چاو دەگیرێ؟ پرسیارەکان دەکرێ بەمجۆرە بن:
• سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو ناوچانە چۆن بەڕێوە دەبرێن؟
• بڕی بودجەی گەشەپێدانی وڵات چۆن دابەش دەکرێ؟
• بۆچی هێندێک ناوچە بەردەوام ڕووبەڕووی هەژاری و کەمداهاتی دەبنەوە؟
• خەڵکی ئەو ناوچانە چەندە دەسەڵاتیان بەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیاندا هەیە؟
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و یەک لەوان ئەمنێستی ئینترناشناڵ، ئاماژە بە کەموکوڕیی زۆری ئەو بوارە و کەڵک وەرگرتنی ناعادڵانەی وەبەرهێنان لە هێندێک ناوچەی سەر بە نەتەوە نافارسەکان دەکەن. ئەمە خۆی بەڵگەی سەلمێنەری نایەکسانیی ئابووری بە مەبەستی سیاسەتی خۆسەپێنەرانەی دەسەڵاتی ناوەندگەرایە. سیاسەتی هەڵاواردنی ئابووری بە درێژایی چەند سەدەی ڕابردوو زۆر زیرەکانە و بەردەوام پێڕەو کراوە کە ئاکامی ماڵوێرانکەری لێ کەوتووەتەوە.
پێنجەم، مەسەلەی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات: دیوێکی شاراوەی دیکەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە شانازیشی زۆر پێوە دەکرێ، مەسەلەی یەکپارچەیی خاکە. دەسەڵاتی ناوەندگەرا هەمیشە لەو چەکە وەک شمشێرەکەی دامۆکڵێس کەڵکی وەرگرتووە. واتە لەبەرامبەر هەر داوایەکی مافخوازانەی نەتەوەییدا ترسی لێکترازانی وڵاتی زەق کردووەتەوە.
لە هەموو گێڕانەوە و لێکدانەوەیەکی دەسەڵاتدارانی ناوەندگەرادا یەکپارچەیی خاک وەک بەهایەکی نەگۆڕ و بێ مشتومڕ سەیری دەکرێ. لەو پێوەندییەدا بێ ئەوەی گوێ بدەنە داوا ڕەواکانی نەتەوە جیاوازەکان، بەردەوام ترسی (تجزیە)ی ئێران وەبیر دێننەوە و خۆیان لە دانی وەڵامی دروست بە داواکە دەبوێرن. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: داخوا یەکپارچەیی خاک بەبێ یەکسانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەتوانێ مانای هەبێ؟ تۆ بڵێی کەسایەتیی مرۆڤەکان و بەها ئینسانییەکان گرینگتر بن یان خاک و خۆڵ و دەشت و دەر؟ هەر بەڕاستی بە سەرکوتی داواکارانی مافی نەتەوەیی دەکرێ یەکپارچەیی خاک بپارێزرێ؟ پاشان کێ بڕیار دەدا خاوەنی ئەم وڵاتە کێیە و چۆنی کەڵک لێ وەردەگیرێ؟
نەزمی سەردەم و عەقڵی مەنتیقی پێمان دەڵێ دەوڵەتێک دەتوانێ سنوورەکانی وڵات ئەمن ڕاگرێ کە مافی هاووڵاتییانی خۆی بپارێزێ. ڕێزگرتن لە ناسنامەی نەتەوەیی کە زمان کۆڵەکەی گرینگییەتی، دەتوانێ یەک لە هۆکارەکانی پێشگیری لە لەتوکوتبوونی وڵات بێ. تەنیا متمانەی هەمەلایەنەی دانیشتووانی وڵات بە یەکترە کە دەتوانێ هاوسەنگیی دەسەڵات پێک بێنێ کە ئەوە خۆی میکانیزمی ڕاگرتنی یەکپارچەیی وڵاتە.
شەشەم، ئەفسانەی ڕەچەڵەک و پێگەی بەرزتر: یەک لە بابەتە گرینگەکانی لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی مودێڕنی ئێرانی، بەکارهێنانی دەستەواژەی (ئاریایی) وەک چەمکێکی پێوەندیدار بە ناسنامەی ئێرانیگەرییە. هێندێک لە گێڕانەوە مێژووییەکان و بە تایبەت لە سەردەمی ڕەزا پەهلەوی بەملاوە، دروستکردنی مێژوویەکی ساختەیە کە لە دەسەڵاتی هەخامەنیشییەوە دەست پێ دەکا. لەو گێڕانەوەیەدا هەموو خەڵکی ئێران لە لقوپۆپەکانی نژاد، یا ڕەچەڵەکی ئاریایین کە وەک بنەماڵەیەکی گەورە بە درێژایی مێژوو لە پەنای یەک ماونەتەوە. بە واتایەکی دیکە شتێکیان بە ناوی ڕەچەڵەکی ئاریایی دروست کردووە کە فارس بنەچەکیەتی و چەند (قەوم)ێکی دیکەش لە دەوری هاڵاون و وڵاتی پڕ (عەزەمەت)ی ئێرانیان دروست کردووە. بەپێچەوانەی ڕاستییەکان و زۆریش بە ئانقەست بەشێکی گرینگ لە مێژووی زێڕینی ئیمپڕاتۆریی مادەکانیان سڕیوەتەوە چونکە بنەچەکی کوردەکانن.
کێشە هەر ئەوە نییە مێژوو بشێوێندرێ، بەڵکوو مەترسیی گەورە ئەوەیە کە ئەو مێژوویە بکرێتە ئامرازی سەپاندنی پێگەیەکی بەرزتر بەسەر خەڵکی دیکەدا. بە مانایەکی دیکە، گرێدانی نەتەوەی باڵادەست بە ڕەچەڵەکی ئاریایی کە خۆی ساختەیە و دانانی ئەو ڕەچەڵەکە وەک پلەیەکی بەرزتر و خاوەن شکۆتر، بووەتە چەکی دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێن. دەتوانین بە ڕوونی بڵێین ئەگەر نەتەوەیەک خۆی بە خاوەن مێژووی ڕاستەقینەی ئێران بزانێ و نەتەوەکانی دیکە لە دەوری ئەو جەغزە ببینێ، ئەوە شانازیی مێژوویی گۆڕیوە بۆ ئامرازی خۆسەپاندن. واتە هەمان ئیدە و فکری مەترسیداری مەزنیخوازیی سەدەکانی ڕابردوو کە زۆرجار دنیای بەرەو وێرانی بردووە.
حەوتەم، ستڕاتێژیی سڕینەوەی جیاوازییەکان، یان گۆڕینی گوتاری فرەیی بۆ یەکدەستی: ئەوەش یەک لەو ڕەهەندانەیە کە بەجۆرێک خۆی دەچوارچێوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا جێ دەکاتەوە. وەک ڕۆژی ڕوون دیارە کۆمەڵگای ئێران فرەچەشن و فرەڕەنگە. کاتێک دەسەڵات هەوڵ دەدا ئەم فرەییە لە چوارچێوەی ناسنامەیەکی تاکدا کۆ بکاتەوە، پرسیارێکی گەورە دروست دەکا: ئایا هاووڵاتیبوون بە مانای توانەوەی هەمووان دەنێو یەکیاندایە؟ ئەو بیری یەکدەستکردنە لە چیڕا سەرچاوەی گرتووە و دەیەوێ بە کوێ بگا؟ سیاسەتی یەکدەستکردنی کۆمەڵگا دیارە جیاوازییەکان بە مەترسیی گەشەی خۆی دەزانێ و لە هەر ڕێگایەکەوە بۆی بکرێ پێشی دەگرێ. پڕۆسەی خوێندنی یەکزمانە، کۆنتڕۆڵی مێدیا و ڕاگەیاندن، یەکدەستکردنی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان و ... لەو هەوڵانەن کاریان زۆر لەسەر کراوە.
بەگشتی دەتوانین دیوی شاراوەی ستڕاتێژیی دەسەڵات بەرامبەر داواکاریی نەتەوەیی بەمجۆرە پێناسە بکەین:
• کۆنتڕۆڵی مێژوو دەتوانێ خاوەنداریەتیی نەتەوەیی لە ئاستی گێڕانەوەدا دیاری بکا.
• کۆنتڕۆڵی زمان دەتوانێ سنووری بەشداریی یەکسان لە ژیانی خەڵکدا دیاری بکا.
• کۆنتڕۆڵی دامەزراوەکان دەتوانێ دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناوەند کۆ بکاتەوە.
• کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکان دەتوانێ پەیوەندیی ناوچەکان بە ناوەندی سیاسی و ئابووریی دەسەڵاتی وڵات دیاری بکا.
• ئەمنییەتیکردنی داواکارییەکان دەتوانێ بۆ سەرکوتی مافخوازان بەکار بهێندرێ.
بەمجۆرە دەسەڵات تەنیا کۆنتڕۆڵی خاک ناکا، بەڵکوو دەیەوێ کۆنتڕۆڵی ئەوەش بکا کە خەڵک چۆن خۆیان بناسێنن؛ چۆن مێژووی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە؛ بە چ زمانێک بدوێن و بخوێنن؛ سەرەنجام چۆن بەشداری لە بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتدا بکەن.
هەڵەیەکی گەورەی ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتدار ئەوەیە فرەیی و یەکدەستی بە دوو ڕووی دژ بەیەک دەزانێ. لەکاتێکدا یەکپارچەیی بەردەوام و قایم لەسەر بنەڕەتی متمانە، تەنیا بە یەکسانی و ڕەزامەندیی کۆی خەڵک دروست دەبێ نەک لە ڕێگای سەرکوت و سەپاندن. سەقامگیریی وڵات بە هێزی هاوبەشی گەلانی پێکهێنەری دروست دەبێ نەک سڕینەوەی چارەنووسی ئەوانی دیکە.
لەڕاستیدا زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی ناوەند تەنیا دەهێرشە سەربازی و پۆلیسییەکان بۆ سەر گەلانی ژێردەستدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو لەو پێوەندییە نابەرامبەرانەوە سەرهەڵدەدا کە ناوەندی دەسەڵات بە زۆری هەوڵی سەپاندنی دەدا. دەکرێ بڵێین کێشە تەنیا قەدەغەکردنی زمانێک، یان گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی نییە. کێشەی سەرەکیتر ئەوەیە کێ گۆپاڵی یاسادانان و سەپاندنی ئەو یاسایانەی بە دەستە؟ کێ مێژووی وڵات دەنووسێتەوە، کێ کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکان دەکا و کێ پێناسەی نیشتمانی دیاری دەکا؟ لە کۆتاییدا کێ بڕیار دەدا نیشتمانپەروەر کێیە و جیاوازیخواز چ کەسە؟
کورد و هیچ نەتەوەیەکی نیشتەجێی ئێران نابێ بۆ سەلماندنی خۆشەویستی بۆ خاک و وڵاتی خۆیان، دەستبەرداری زمان، مێژوو، ناسنامە و مافی سیاسیی خۆیان بن. ئازادیی گەلانی ئێران بە سەرکوتی یەکتر وەدی نایە. ئێران کاتێک ئازاد و سەقامگیر دەبێ کە لە چنگ دەسەڵاتی خۆسەپێن و ناسنامەی درۆیینی خۆی ڕزگار بکا.