بە بڕیاری بەرپرسانی زیندانی «ماپارە» لە شاری دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام و بە پاساوی ئەوەی سپای پاسداران بە «دۆخی تایبەتی ئاودانان» ناوی دەبات، شێوازی جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنی «یەعقووب محەممەدی»، مامۆستای دوورخراو و چالاکی مەدەنیی ناسراوی ئەو شارە، لە شەوانەوە گۆڕدرا بۆ زیندانیکردنی تەواوەتی.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، یەعقووب محەممەدی کە پێشتر بەهۆی وتاردان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی «عەلیڕەزا سەیدی» (مێرمنداڵی ١٦ ساڵانی کوژراو لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا)، سزای چوار مانگ زیندان و ٥٠٠ کاتژمێر کاری خزمەتگوزاریی بەسەردا سەپێندرابوو، ماوەیەک بوو سزاکەی بە شێوەی مانەوەی یەک شەو لە حەفتەیەکدا جێبەجێ دەکرا. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥، کاتێک بۆ واژۆکردنی ئامادەبوونی حەفتانە سەردانی زیندانی کردووە، پێی ڕاگەیەندراوە کە دەبێت لەمەودوا تەواوی ماوەی سزاکەی لەناو زینداندا بەسەر ببات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی «محەمەدڕەزا نەقدی»، فەرماندەی باڵای سپای پاسداران بۆ ئاودانان و لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئەو شارە بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتی لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پترۆپالایش دراوە.
یەعقووب محەممەدی کە خاوەنی ٣٠ ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی بوو، لە ساڵی ١٤٠٢دا بەهۆی چالاکییە مەدەنی و ڕەخنەگرانەکانییەوە بە شێوەی زۆرەملێ خانەنشین کرابوو. ناوبراو لە ڕەشەمەی ١٤٠٤یشدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کرا، بەڵام دوای گردبوونەوەی بەرفراوانی خەڵکی ئاودانان و دیاریکردنی مۆڵەت بۆ ئازادکردنی، ناچار بوون ئازادی بکەن؛ دواتر لە دادگای ئینقلابی ئیلامدا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «کۆبوونەوە و تێکدانی ئاسایش» سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.