کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستان هێرشی تۆڵەئەستێنەوەی بۆ سەر حوسییەکان ڕاگەیاند

14:14 - 8 سەرماوەز 2726

هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرۆکایەتیی عەرەبستانی ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەئەستێنەوەدا، ژمارەیەک ناوەندی گرنگی حوسییەکانی لەنێو بردووە کە بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان لە یەمەن و عەرەبستان بەکار دەهێنران.

تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازی، ئێوارەی شەممە ٧ی سەرماوەز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ئامانجانەی لەنێو براون، ڕۆڵیان هەبووە لە پشتیوانیکردنی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی حوسییەکان و هەڕەشەکردن لە ئازادیی کەشتیوانی لە باشووری دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب.

مالیکی وتی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی لە وڵامدانەوەی خێرای هەر جۆرە هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانە مەدەنییەکان دوودڵ نابێت.

ناوبراو زیادی کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان ئەنجام دەدرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە شوێنی وردی ئامانجەکان و ژمارەی زیانە گیانییە ئەگەرییەکانی ئەو هێرشانە نەکراوە.