ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، خزمەتگوزاریی ئینتێرنێتی ماهوارەیی ستارلینکی بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکار هێناوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەڕێوەبەرانی شیرکەتی "سپەیس ئێکس" دوای دەستنیشانکردنی دوو حاڵەتی بەکارهێنانی نایاسایی ئەم تێکنۆلۆژییە کە پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێرانەوە هەبووە، کاردانەوەی توندیان نیشان داوە و لە ئەنجامدا لانیکەم دوو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتەکە لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
واشنگتۆن پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕاپۆرتێکی نهێنی سەبارەت بە بەکارهێنانی ستارلینک لەلایەن ئەرتەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پێشکەش بە نووسینگەی وەزیری شەڕیی ئەمریکا کراوە، بەڵام وەزارەتی شەڕیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئاگاداری بوونی ڕاپۆرتێکی لەو شێوەیە نییە.
ستارلینک مۆڵەتی کارکردنی لە ئێران نییە، بەڵام پێشتر ئیلان ماسک هەواڵی کارابوونی ئەو خزمەتگوزارییەی لە ئێران ڕاگەیاندبوو.
هەروەها ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردبووەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار، هەزاران ئامێری ستارلینکی بە شێوەی قاچاخ هێناوەتە نێو ئێرانەوە.