کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی لوبنان: کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لە ناسەقامگیریی ناوچەکە؛ سەبر و دانبەخۆداگرتن بەرانبەر حیزبوڵڵا سنووری هەیە

14:28 - 8 سەرماوەز 2726

یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، ڕێژێمی ئێرانی بە بەرپرسی ناسەقامگیریی ناوچەکە زانی و هۆشداریی دا کە سەبر و دانبەخۆداگرتنی حکوومەت و گەلی لوبنان بەرانبەر حیزبوڵڵا سنووری خۆی هەیە.

ڕەجی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئەلڕەئی» پێش سەردانەکەی بۆ کوەیت ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی تاران ‌هەڵسوکەوتەکانی نەگۆڕێت، قەیرانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت. هەروەها حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانیشی بە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم فراوانبوونی سەروەریی دەوڵەتی لوبنان ناو برد.

وەزیری دەرەوەی لوبنان جەختی کردەوە کە دەبێت دەوڵەت کۆنترۆڵی چەک قۆرخ بکات و ڕێگە نەدات گرووپەکانی دەرەوەی چوارچێوەی یاسا لە بەرانبەر بڕیارەکانیدا بوەستنەوە.

ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناسەقامگیریی ئەمنی لەو وڵاتەدا هۆشداریشی دا.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی لوبنان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکاتەوە، بەڵام حیزبوڵڵا دژی چەککردنی خۆی دەوەستێتەوە و ڕەخنەی لە دانوستانەکانی دەوڵەت لەگەڵ ئیسرائیل گرتووە.