کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەگید کابابێل لەبەردەم دەیان هەزار هاندەر بووە پاڵەوانی جیهانی لە کێشی قورسدا

14:24 - 8 سەرماوەز 2726

"عەگید کابایێل"، بۆکسێنەری ناوداری کورد، لەبەردەم جەماوەرێکی بەرفراواندا لە شاری دۆسێڵدۆرفی ئاڵمان، سەرکەوتنێکی خێرای بەسەر نێڵسن هیسای ڕکابەریدا تۆمار کرد و بۆ یەکەم جار پارێزگاریی لە پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهانیی (WBC) بۆ کێشی قورس کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ٥٣ هەزار هاندەر لە یاریگای "ئێسپریت ئارینا"ی شاری دۆسێڵدۆرف، کابایێل توانی لە ڕاندی دووەمدا و بە لێدانی یەکلاکەرەوەی تەکنیکی (TKO) یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا بکاتەوە.

دوای ئەوەی لە خولەکی ٢:٤٢ـی ڕاوندی دووەمدا نێڵسن هیسا لە ئانیشکی دەستیدا تووشی پێکان بوو، تیمی ڕاهێنەرانی ناچار بوون خاولیی خۆبەدەستەوەدان فڕێ بدەنە نێو ڕینگەکە.

کابایێل هەر لە ڕاندی یەکەمەوە بە خێرایی و هێزی دەستەکانی باڵادەستیی خۆی سەپاند و بە چەندین گورزی بەهێز گوشاری خستە سەر بۆکسێنەرە ئەلبانییەکە و لە ڕاوندی دووەمیشدا دوای وەرگرتنی زنجیرەیەک لێدانی یەک لە دوای یەک، هیسا بە هۆی ئازارێکی زۆرەوە نەیتوانی بەردەوام بێت و تیمەکەی بە فەرمی کۆتایییان بە یارییەکە هێنا.

ساڵۆنی بەڕێوەچوونی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییە لە دۆسێڵدۆرف بووە کارناڤاڵێکی کوردستانی؛ هەزاران هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی ئورووپاوە ڕوویان لە یاریگاکە کردبوو و عەگید کابایێلیش دوای سەرکەوتنەکەی ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە.

کابایێل دوای بردنەوەکە سوپاسی هاندەرانی کرد و وتی: "ئەمە هەستێکە ناتوانم وەسفی بکەم، سوپاسی تاک بە تاکی ئەو کەسانە دەکەم کە لێرە ئامادەن، بژی کورد و کوردستان."

عەگید کابایێلی ٣٤ ساڵان بەم سەرکەوتنە ژمارەی بردنەوەکانی خۆی گەیاندە ٢٨ سەرکەوتن و تا ئێستا هیچ بۆکسێنەرێک لە جیهاندا نەیتوانیوە شکستی پێ بهێنێت.