کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفێراندا؛ شارەکانی ئیلام و سنە پەیوەست بە مانگرتن بوون

14:32 - 8 سەرماوەز 2726

شەپۆلی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرتاسەریی شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران کە هەشت ڕۆژە بەردەوامە، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٥، بە پەیوەستبوونی شارەکانی پارێزگاکانی ئیلام و سنە پێی نایە قۆناغێکی نوێ و فراوانترەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران، لە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممەوە شۆفێران لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان و بانە لە پارێزگای سنە و هەروەها لە شارەکانی ئیلام، دێهلوڕان، مێهران و ئەیوان لە پارێزگای ئیلام، بە ڕاگرتنی بارهەڵگرەکانیان لە تێرمیناڵەکان و قەراغ شەقامەکان، بە تەواوی دەستیان لە کار و بارکردن هەڵگرتووە.

پێشتریش لە ڕۆژانی ڕابردوودا شۆفێرانی کرماشان، دیواندەرە، خوڕەماوا، مەلایەر و زیاتر لە ٢٠ شاری دیکەی ئێران وەک تاران، ئیسفەهان، ئەهواز، شیراز و بەندەرعەباس چووبوونە ڕیزی مانگرتووانەوە.

شۆفێرانی ناڕازی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە هۆی کەمیی گازۆئیل و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووەکانی چاککردنەوە و بیمە، بەردەوامبوون لە کارکردن هیچ سوودێکی ئابووریی نەماوە.

بە وتەی شۆفێران، نرخی تایەیەک بۆ بارهەڵگرە گەورەکان گەیشتووەتە نزیکەی یەک میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەن و نرخی ڕۆنیش بە بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ ١١ هێندە زیادی کردووە، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوەی بار هەر بە نرخی دوو ساڵ لەمەوبەر ماوەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان بۆ داواکارییەکانیان نییە.