ڕۆژی شەممە ٧ی سەرماوەزی ١٤٠٥، مەولەویی «بەشیر سەلاح زەهی» ناسراو بە مەلا بەشیر، یەکێک لە فەرماندە بەکرێگیراوە خۆجێیەکانی سپای پاسداران لە بەلووچستان، لە ئەنجامی تەقەی هێزێکی چەکدار لەسەر ڕێگای مەلیک ئاوا بۆ شیشکان سەر بە شاری سەرباز کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ وەش، مەلا بەشیر، یەکێک بووە لە فەرماندە خۆجێیەکانی سپای پاسداران لە شاری سەرباز و خاوەنی بنکەیەکی گەڕۆکی سەر بەو دامەزراوە سەربازییە بووە و لە ئازار و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی بەلووچ و خەڵکی ئەو ناوچەیەدا ڕۆڵێکی نەرێنی گێڕاوە.
هەرچەند هەتا ئێستا هیچ لایەنێک کوژرانی ئەم بەکرێگیراوەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن "بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی"ـیەوە دەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەرکەوتوویان لە ناوچە و شارە جیاجیاکانی بەلووچستان بەڕێوە بردووە و چەندین فەرماندە و بەکرێگیراوانی ڕێژیمیان لەو هەرێمەدا بە سزای خیانەتەکانیان گەیاندووە.