داڕمانی بەردەوامی بەهای تمەن و شکستی ڕێکارە دراوییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بازاڕی ئازادی ئێرانی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان کردووەتەوە و نرخی دۆلاری گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی؛ ئەمەش گوشارێکی قورستری خستووەتە سەر بژێویی هاووڵاتییان.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٥ و تا کاتی ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکا لە بازاڕی ئازادی تاراندا بەربەستی ٣٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند و گەیشتە ٣٠٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن، کە بە بەراورد بە چوار ڕۆژ پێشتر زیاتر لە ١٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی فرۆشتنی دۆلار لە ٤ی سەرماوەزدا، ٢٩٠ هەزار و ٨٥٠ تمەن بوو.
هاوکات یۆرۆ بە ٣٣٣ هەزار و ٤٤٠ تمەن، پۆندی بریتانیا بە ٣٩٨ هەزار و ٨٨٠ تمەن و دێرهەمی ئیماراتیش بە ٨٤ هەزار و ٦٠٠ تمەن مامەڵەیان پێوە کراوە.
بەرزبوونەوەی نرخی دراو لە کاتێکدا بەردەوامە کە سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندی هەواڵی ئامادەیی بۆ دەستێوەردان لە بازاڕدا ڕاگەیاندبوو. هاوکات، هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی مانگی ڕەزبەر گەیشتە ٨٨.٧ لەسەد و گوشاری ئابووری لەسەر خێزانەکان زیادی کردووە.