کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری هەیئەتی پلەبەرزی ئابووریی سوئیس بۆ ئێران پاش ١٠ ساڵ

06:27 - 6 بانەمەڕ 2715

پاش١٠ ساڵ پچڕانی پێوەندیی ئابووریی نێوان ئێران‌و سوئیس، وەزارەتی دارایی سوئیس ڕایگەیاندوه‌ كە هەیئەتێكی پله‌بەرزی ئابووریی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران‌و سوئیس سه‌ردانی تارانی کردوه‌. ئەم هەیئەتە پایه‌بەرزەی ئابوورییەی سوئیس لە بەڕێوەبەرانی پیشەسازیی داو دەرمان، وزەو بەشەكانی خزمەتگوزاری پێکهاتووه‌ که‌ بە سەرۆكایەتیی "لیویا لۆ" باڵوێزی پێشووی سوئیس لە ئێران سه‌ردانی تارانی کردوه‌. ئەم سەفەرە ٤ ڕۆژەیه‌ که‌ له‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌، ٦ ی بانه‌مه‌ره‌وه‌ ده‌ستی پێکردوه‌، پاش ڕێككەوتنی ناوكیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ به‌رنامه‌ی بۆ داندراوه‌ که‌ له‌ خاكەلێوەی ئەمساڵدا لە لۆزانی سوئیس له‌سه‌ری ساغ بوونه‌وه‌. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ وڵاتی سوئیس گەمارۆ ئابوورییەكانی خۆی له‌ دژی ئێرانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥وە هه‌ڵپه‌سارد و هه‌روه‌ها پێوەندی ئابووریی ئەم دوو وڵاته‌ لە ساڵی ٢٠١٤دا نزیك بە ٦١٧ میلیون یۆرۆ ڕاگەیاندوە. شایانی باسە كە پێشتر لە پاییزی ساڵی ڕابردوو "ڤۆڵف گان ئامادئۆس برۆلهات"، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوئیس بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا، جەختی كردبۆوە كە تێپەڕبوون لە گەمارۆكان‌و لەبەرچاونەگرتنیان كارێكی ئاسان نییەو دەبێ چاوەڕوانی ڕوونبوونەوەی ئاكامی وتووێژه‌کانی ئێران‌و گرووپی ١+٥ بن.