کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبه‌شیی سەرمایەدانەرانی خۆجێیی ورمێ لە ده‌رهێنانی كانگاكان

12:48 - 7 بانەمەڕ 2715

شورای شاری ورمێ دەڵێ قۆناغەكانی تۆمار كردن و پێدانی مۆڵەت بە سەرمایەدانەرە خۆجێییەكان زۆر ئاڵۆزەو كاتێكی زۆریش ده‌با، لە حاڵێكدا زۆربەی ئه‌و که‌سانه‌ی لە پارێزگاكانی دیكەوە دێنە پارێزگای ورمێ زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەم پارێزگایەدا کاری وه‌به‌رهێنان بکه‌ن. بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، سەرچاوەیەك لە شوورای شاری ورمی كە نەیویستوه‌ ناوەكەی ئاشكرا بكرێ، وێڕای ئاماژە بە كانگا بێوێنەو زۆر و زەوەندەكانی ئاسن، بەردە بەنرخ‌و جوانەكان لە پارێزگای ورمێ گده‌ڵێ: مۆڵەتە كەم خەرجەكان لە ماوەیەكی كورتدا به‌ سەرمایەدانەرانی دەرەوەی پارێزگا ده‌درێ‌و لەم بەینەدا پارێزگای ورمێ تەنیا ده‌رهێنان له‌ كانگاكان‌و پیس بوونی ژینگە‌و لەنێوچوون و سووانی جاددەكانی بەر دەكەوێ. پێشتریش لە كۆبوونەوەی شوورای ئیسلامیی پارێزگادا، یەكێك لە ئەندامانی شوورای شاری ورمێ وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی خۆی لەم شێوە كار كردنەی كاربەدەستانی وڵات‌و پارێزگا ڕایگەیاندبوو. ئه‌و گوتبووی سەرەڕای ئامادە بوونی سەرمایەدانەرە خۆجێییەكان لەم پارێزگایە، بەڵام مۆڵەتی وەبەرهێنان لە كانگاكانی پارێزگای ورمی بە كەسانی ناخۆجێیی دەدرێ که‌ لە پارێزگاكانی دیكەوه‌ دێن. جێی باسە بەپێی ئامارە بڵاو كراوەكان لە لایەن پارێزگارییەوە، لە ئێستادا پتر لە ١٢٠ كانگای چالاك خەریكی وەبەر هێنانن كە لە ساڵدا زیاتر لە٨٠٠ میلیۆن تۆن ماددەی كانزایی لەم كانگایانە دەردێنن.