کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی ئێران، ٢٩ پڕۆژەی نەوت و گاز وەرێ دەخات

12:36 - 23 بانەمەڕ 2724

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە مۆڵەتدانی ٢٩ پرۆژەی نەوت و گاز دەستی پێکردووە کە بەو پێیە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت و گازی عێراق بە ڕێژەی یەک میلیۆن بەرمیل و ٩٨ میلیۆن میتری سێجا زیاد دەکات.

ئەو بڕە گەورەیەی گەشەی بەرهەمهێنانی گاز، هاوتایە لەگەڵ چوار بەرابەری هاوردەکردنی گازی عێراق لە ئێرانەوە.

عێراق یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی گاز لە ئێرانەوە دابین دەکات و هەوڵ دەدات لە پشتبەستن بە کارەبا و گازی کۆماری ئیسلامی نەجاتی بێت.

هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی مۆڵەتدانی ٢٩ پڕۆژەی نەوت و گاز، ڕایگەیاند کە سووتاندنی مەشخەڵ لە عێراق لە ماوەی ٣ بۆ ٥ ساڵی داهاتوودا ڕادەگیرێت.

عێراق ساڵانە نزیکەی ١٨ میلیارد میتری سێجا گازی تێکەڵاو کە لە کێڵگە نەوتییەکانەوە دەرهێنراوە بەهۆی دانەنانی ئیمکاناتی جیاکردنەوەی گاز، لەناو سووتێنەرەکاندا دەسوتێنێت و بەفیڕۆی دەدات.

عێراق لەڕووی قەبارەی سووتێنەری گازەوە دوای ڕووسییە و ئێران خراپترین دۆخی لە جیهاندا هەیە.

لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا عێراق بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گاز، گرێبەستێکی لەگەڵ چەند شیرکەتی ئەمریکایی واژۆ کرد.

لە ئێستادا عێراق ٣ میلیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، کە دوای عەربەستانی سعوودی، ئەم ڕێژەیە وەک بەرزترین ئامار لەنێو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک دێتە ئەژمار.