کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردەلادان لەسەر کتێبی بیرەوەرییەکانی مامۆستایەکی قوتابخانەی کچان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا

12:57 - 23 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ(١١ی مەی ٢٠٢٤)، لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوئێد پەردە لەسەر کتێبی "مانای ژیانم"، بیرەوەرییەکانی خاتوو "کوبرا عەزیمی" لە ئامادەکردنی "سیمین ئیفتیخاری" لادرا.

ئەو کتێبە لەلایەن وەشانخانەی "کتێبی ئەرزان"ەوە چاپ کراوە.

خاتوو کوبڕا لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا مامۆستای قوتابخانەی کچان بووە و خاوەنی چەندین وتار لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆماردا بووە.

خاتوو کوبرا لە ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا پەیامی پیرۆزبایی قوتابخانەی کچانی بەو بۆنەوە پێشکەش کردووە. نابراو دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەستپێکردنی خوێندن بە زمانی کوردی هەموو هەوڵێکی داوە تاکوو منداڵان بە زمانی دایک فێری زانست و پێشکەوتن ببن.

خاتوو کوبرا عەزیمی لەو بارەوە دەڵێ:" فەرهەنگ ڕوحی بەشەرە و مایەی سەرکەوتنی میللەت و نیشتمانە".

ناوبراو لە دامەزراندن و چالاکیی حیزبی "یایان"- یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا دەستی هەبووە و زۆر هەڵسووڕ بووە.

ئەگەرچی ڕووخانی کۆماری کوردستان داخێکی گرانی بە سەر جەرگی هەموو ئەویندارانی ئازادی و سەربەستیی گەلەکەمانەوە نا، بەڵام هەستی کوردایەتی و ویستی ڕزگاری لە ژێردەستی لە دەروونی خاتوو کوبرادا هەروا بەتین بوو و بۆ نێو دڵی کوڕ و کچەکانیشی گوازرایەوە.

کۆماری ئیسلامی وەک جێگرەوەی ڕێژیمی پاشایەتی، دڕندانەتڕ لەو کات هەوڵی دامرکاندنەوەی ئەو هەستە پیرۆزەی دەست پێ کرد و کوڕێکی خاتوو کوبرا بە نێوی "سارم ئیفتیخاری" لەلایان کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە درا.

خاتوو کوبرا دوای لە سێدارەدرانی کوڕەکەیان لە گەڵ "سەید قادر ئیفتیخاری"ی هاوژینی-کە ئەویش پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار بووە- چوونە دەرەوەی وڵات و لە شاری ستۆکهۆڵمی سوئێد نیشتەجێ بوون.

پێویستە بگوترێ کە سیمین ئیفتیخاری کچی خاتوو کوبڕا عەزیمییە و لە ڕۆژی پەردەلادان لەسەر کتێبەکە وتی: "دوای مردنی دایکم کاتێک ویستم چاوێک بە نێو کەلوپەلە بەجێماوەکانیدا بگێڕم دیتم هێندێک شتی زۆر گرینگ لە نێویاندا هەیە کە پێویستە نەوەی دواڕۆژ لێیان ئاگادار بن، نەک لە کتێبخانەی تایبەتیی بنەماڵەدا بمێننەوە و تۆزیان لێ بنیشێ، ئەوە بوو بڕیارم دا کۆی بکەمەوە تا کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکرێت".   

خاتوو کوبڕا ڕۆژی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە شاری ستۆکهۆڵم چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی دیتنەوەی زێدی خۆی لەسەر یەک نان و وەک زۆر کەسی دڵ پڕ لە ئاواتی ڕزگاری گەلەکەی بە خاکی غەریبی سپێردرا.