کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و نەبوونی شیری وشک بنەماڵەکانی تووشی کێشە کردووە

12:38 - 23 بانەمەڕ 2724

گرانیی شیری وشک بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی لە بازاڕدا و بنەماڵەکانی بۆ دابینکردنی ئەم کاڵا پێویستە تووشی کێشە کردووە.

ژمارەیەک لە میدیاکانی ئێران لە چەند ڕاپۆرتی جیاجیادا پەرژاونەتە سەر ئەم بابەتە و کێشەی گرانی و دەستنەکەوتنی شیری وشکیان خستووەتە بەر باس.

ماڵپەڕی "ئێقتساد ئانلاین" لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری هاووڵاتییەکەوە نووسیویەتی: "لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا دوو شیری وشک بە نرخی ٨٣ هەزار تمەن بوو بەڵام لە ئێستادا ٨٣ هەزار تمەن تەنیا یەک شیری وشکی پێ دابین دەکرێت".

ئەم ماڵپەڕە زیادی کردووە کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا وتەبێژی ڕێکخراوی خواردن و دەرمانی ئێران هۆکاری گرانبوونی شیری وشکی بۆ داواکاریی بەرهەمهێنەران و پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان ڕاگەیاندبوو.

بە پشتبەستن بە زانیاریی میدیاکانی خودی ڕێژیم، هەڵاوسانی شیری وشک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو نزیک بە ٥٨ لەسەدە و ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی هەڵاوسان لە ئێران بە گوێرەی ئیدعاکانی ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٣ گەیشتووەتە ٣٨.٨ لەسەد.

ساڵی ڕابردووش قەیرانی نەبوونی شیری وشک لە ئێران بووە هۆکار تاکوو دەوڵەت دەرمانخانەکان ئەرکدار بکات کە تەنیا بە کارتی پێناسی کۆرپەکان، شیری وشک بە خەڵک بفرۆشن.

لە ساڵانی ڕابردوودا جگە لە قەیرانە ئابوورییەکانی دیکە، گرانی و نەبوونی شیری وشک بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو بنەماڵانەی کە منداڵی شیرخۆریان هەیە.

ئەم قەیرانە لەکاتێکدایە کە ڕێبەر و دامەزراوەکانی ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە سیاسەتەکانی دەوڵەت دەبێت لە چوارچێوەی "جەوانیی حەشیمەت"دا بێت و بە دەیان جار داوایان لە خەڵک کردووە کە  وەچە بخەنەوە.