کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی: بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەلسەنوار لە توونێلەکانی خان یوونس خۆی حەشار داوە

11:04 - 23 بانەمەڕ 2724

لەگەڵ بەربڵاوبوونی هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە و ئاوارەبوونی هەزاران فەلەستینی، تێلاڤیڤ پرسیاری لەبارەی شوێنی حەشاردانی یەحیا ئەلسەنوار، ڕێبەری حەماس لە غەززە ورووژاند.

لەم پێوەندییەدا دوو بەرپرسی ئاگاداری ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە ئەلسەنوار کە ئیسرائیل بە داڕێژەری هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر دەزانێت لە ڕەفەح خۆی حەشار نەداوە.

ڕۆژنامەی ''تایمزی ئیسرائیل'' ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ نووسیویەتی، ئەو دوو بەرپرسە ئیسرائیلییە شوێنی ئەلسەنواریان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئەگەریان لێداوە کە لە یەکێک لە توونێلەکانی ژێرزەمینیی خان یوونسدا لە نزیکەی پێنج مایلی باکووری ڕەفەحەوە خۆی حەشار داوە.

 هەروەها بەرپرسێکی سێیەمی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە ئەلسەنوار هێشتا لە غەززەیە.

بە وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح لە حەوتووەکانی ڕابردووە، زۆرێک لە هێزەکانی حەماس بەرەو باکوور هەڵاتوون.

ئیسرائیل لە مانگی فێورییەی ساڵی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە هێرشی دەکردە سەر خان یوونس شوێنی لەدایکبوونی ئەلسەنوار، پێشبینیی کردبوو کە ناوبراو ڕووی لە ڕەفەح کردبێت.

ئەم پێشبینیانە لەکاتێکدا بوون کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو چەند گەڕەکێکی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی بە دانیشتووانی ئەو شوێنە چۆڵ کرد و دواتر دەروازەی ڕەفەح بەرەوە فەلەستینی کۆنترۆڵ کرد.