کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆتی خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن خەڵکەوە

11:06 - 23 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕ خولی دووهەمی شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ بایکۆتی بەربڵاوی خەڵک لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ئامارەکان بەشداریکردنی خەڵک لە تاران و سێ شاری گەورەی ئێران وەک مەشهەد، شیراز و کەرەج هیچ یەک ناگاتە تەنانەت١٠ لەسەد و سەرووی ٩٠ لەسەدی خەڵکی ئەم شارانە شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە.

ستادی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی کۆی دەنگەکانی تاران، شمیرانات، ئیسلامشار و پەردیسی ٥٢٢ هەزار دەنگ ڕاگەیاندووە.

ئەم ستادە زیادی کردووە کە بیژەن نەوباوە بە کۆی ٢٧١ هەزار دەنگ توانیویەتی لە نێوان ١٦ بەربژێردا زیاترین دەنگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەم پێیە نەفەری یەکەمی تاران تەنیا بە ٣.٥ لەسەدی دەنگی ئەو کەسانەی کە دەتوانن دەنگ بدەن دەچێتە مەجلیسی بەناو نوێنەرانی کۆماری ئیسلامییەوە.

لەکاتێکدا کە لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا خەڵکی ئێران دوو جار شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمیان بایکۆت کرد و کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنیان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کرد، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ڕێژیم لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا باسی لە حەماسەخولقاندنی خەڵکی ئێران کردووە.

ڕوون نییە کە وەحیدی بەشدارینەکردنی زیاتر لە ٩٠ لەسەدی خەڵکی بە حەماسە لە قەڵەم داوە یان بەشداریکردنی کەمتر لە ٨ لەسەدی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان و کەمترین ڕێژەی بەشداریکردن لە مێژووی ڕێژیمدا.

شایانی باسە کە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان تا ئەم ڕادەیە، تەنانەت کاردانەوەی کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕێژیمیشی لێ کەوتووەتەوە.