کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستلەكاركێشانەوەی بەڕێوەبەرانی ئیدارەی وەرزش‌و لاوان لە شارەكانی پاوە، ڕوانسەر و جوانڕۆ

07:21 - 8 بانەمەڕ 2715

بەڕێوەبەرانی ئیدارەی وەرزش‌و لاوان لە شارەكانی پاوە، ڕوانسەر و جوانڕۆ بەهۆی تەرخان نەكرانی بوودجە‌و كەم بوونی ئیمكانات و گیر و گرفتی ماڵی و گوێ نەدانی بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا بەم شارانە، هاوكات داوای دەست لە كار كێشانەوەیان كردووە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەكان لەم ناوچەیە، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەم بەڕێوەبەرانە، تەرخاننەكرانی بوودجەی پێویست و هەڵاواردنی زه‌ق‌و به‌رچاوی ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوان بۆ ئەم شارانە‌و نەبوونی ئیمكاناتی پێویست لەم شارانه‌ی کوردستان بووه‌. بەم جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بارودۆخی دژوارو نەبوونی كەرستەی پێویست لە ساڵۆنە وەرزشییەكاندا و تەرخان نەكرانی بوودجە بۆ كارو باری ئەم ئیدارەیە لە هۆكارەكانی دیكەی واز هێنانی ئەم كەسانە لە پۆستەكانیان بووە. هەر بەپی ئەم ڕاپۆرتە، ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی كرماشانیش دەست لە كار كێشانەوەی بەڕێوەبەرانی ئه‌و که‌سانه‌ی قەبووڵ كردووە.