کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەستنەوەی دامەزران لە پیشە هەستیارەکان لە ئێران بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ئیتلاعات

14:58 - 9 بانەمەڕ 2715

مەجلیسی شوورای ئیسلامی بە پەسندكردنی وردەكارییەكانی گەڵاڵەیەک بڕیاری دا هەموو دامەزرانەکان لە پیشە هەستیارەکاندا بەپرس‌و ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی بێ. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە بۆ پێ‌ئەسپاردنی " پۆستە گرینگ‌و هەستیارەکان" بە تاكەكان، هاوكات لەگەڵ گوێ لە مەست بوونیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و کردنی خزمەتی سەربازی بۆ پیاوان لە بابەت ڕێوشوێنە دیاری كراوەكان لەم قانوونەدا، پێویستە داوای زانیاری لە وەزارەتی ئیتلاعات بكرێ‌و پێ‌ئەسپاردنی شوغڵی دیاریكراو بە کەسەکان دەبێ لەسەر ڕەزامەندیی وەزارەتی ئیتلاعات بێ. لەم گەڵاڵەیەدا هیچ ڕوون كردنەوەیەك لەسەر "پیشە هەستیارەكان" نەدراوەو ڕوون نییە ئەم هەستیارییە لەسەر چ بنەمایەك‌و بە چ پێوانەیەك هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ؛ تەنیا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە بێتوو بۆ دامەزراندنی كەسێك لە پیشەیەکی هەستیاردا، پرس بە وەزارەتی ئیتلاعات نەكرابێ، ئەم دامەزراندنە لە لای دام‌و دەزگا جێبەجێكارەكان هیچ ئیعتیبارێكی نابێ‌و بەدواداچوونی قانوونی، لێپرسینەوە‌و سزای بەدواوە دەبێ. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم وەزارەتخانەكان، ئیدارە دەوڵەتییەكان، ڕێكخراوەو بنیاتەکانی سەر بە كەرتی تایبەت‌و هەر هەموو دامو دەزگایەكی وەك شیركەتی میللیی نەوتی ئێران، ڕێكخراوی پەرەپێدان و نوێژەن كردنەوەی پیشەسازییەكانی ئێران، بانكی ناوەندی، بانك‌و بیمە دەوڵەتییەكان ئەركدار كراون كە ئەم گەڵاڵەیە جێبەجێ بكەن. جێی باسە ئەم گەڵاڵە پەسند كراوە لە لایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە، پێشتر وەك گەڵاڵەی زیادکردنی خاڵێک بە ماددەی ٥ی قانوونی هەڵبژاردنی مامۆستایان‌و كارگێڕانی پەروەردە و بارهێنان باسی لێ كرابوو، بەڵام پاش پەسند كرانی دەقی ئەم گەڵاڵەیە لە مەجلیس‌و ناردنەوەی بۆ كۆمیسیۆنی كۆمەڵایەتی، ناوەكەی گۆڕدراو گشت دام و دەزگا جێبەجێكارەكانی بابەتی ماددەی ٥ی قانوونی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەكانی وڵاتی گرتەوە.